مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی یەكەم كۆبوونەوەی خوولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران، ڕەوانەی لیژنەی ئاكاری پەرلەمان كرا.
فەرمانگەی میدیایی ئەنجومەنی نوێنەران ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاریدا پەرلەمانتار مەحمود مەشهەدانی بدرێتە لیژنەی ئاكار لە ئەنجومەنی نوێنەران.
لەبارەی هۆكاری ئەو بڕیارەوە، لیژنەكە دەڵێت، “بەهۆی پێشێلكردنی دەستوور و پەیڕەوی ناوخۆیی ئەنجومەنی نوێنەران لەلایەن مەشهەدانییەوە ئەو بڕیارە دراوە”، بەبێ ئەوەی ڕوونكردنەوە لەبارەی جۆر و شێوازی پێشێلكارییەكەوە بخاتەڕوو.
بەپێی میدیای عێراقی كە لە زاری سەرچاوەیەكی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بڵاویكردووەتەوە، بوونی مەشهەدانی بە سەرۆكی بەتەمەنی ئەنجومەنی نوێنەران نایاسایی بوو، چونكە خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنەكە كاندیدكردبوو.