تێسلا-ی گەورە كۆمپانیای ئۆتۆمبێلە كارەباییەكان نزیكەی 200 هەزار ئۆتۆمبێلی خۆی لە چین دەكشێنێتەوە بەهۆی “ئەگەری” بوونی كێشە لە سندوقەكانیاندا، هەنگاوێكی لەوجۆرەی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانیش ناوە.
دەستەی ڕێكخەری بازاڕەكان ڕایگەیاند، ئەو ئۆتۆمبێلانەی كشانەوەكە دەیانگرێتەوە سندوقەكانیان “بەشێوەی لەناكاو لەكاتی شۆفێریدا دەكرێتەوە” كە ئەمەش مایەی مەترسییە بۆسەر سەلامەتیی شۆفێر و سەرنشینان، بەو پێیەی سندوقەكە دەكەوێتە پێشەوەی ئۆتۆمبێلەكە.
ڕێوشوێنەكە سێ كۆمەڵەی ئۆتۆمبێلە بەرهەمهێنراوەكان لەنێوان ساڵانی 2015 و 2020 دەگرێتەوە.
كشاندنەوەكە 19 هەزار و 700 ئۆتۆمبێل لە جۆری (مۆدێل S) دەگرێتەوە بەهۆی كێشەیەك لە ڕێكخەری سندوقەكە لە پێشەوەی ئۆتۆمبێلەكەدا.
هەروەك دەستەكە وتی، 180 هەزار ئۆتۆمبێلی دیكە لە جۆری (مۆدێل 3) دەشێت ڕوودانی كردنەوە و داخستنەوەی سندوقەكەی بەشێوەی چەندبارە، زیان بە كێبڵی كامێرای دواوە بگەیەنێت.
تێسلا بێبەرامبەر پشكنین بۆ ئۆتۆمبێلە دیاریكراوەكان دەكات، وەك ئەوەی دەستەی ڕێكخەری بازاڕەكان دەیڵێت.
ئەمەش لەكاتێكدایە نزیكەی نیو ملیۆن ئۆتۆمبێلی تێسلا لە ویلایەتە یەكگرتووەكان كشێندرانەوە بەهۆكاری هاوشێوە.
لە حوزەیرانی ساڵی ڕابردووش كۆمپانیا ئەمریكییەكە 285 هەزار ئۆتۆمبێلی لە چین كشاندەوە بەهۆی ڕوودانی گرفت لە بەرنامەی یاریدەدەری شۆفێر.
تێسلا لە ساڵی ڕابردوودا سكاڵای زۆری لە چینەوە ڕووبەڕوو بووەوە لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، بەهۆی كێشەكانی پەیوەندیدار بە كوالێتی و خزمەتگوزاری.
ناڕەزایی كڕیارێك لە پێشانگای شەنگەهای بۆ ئۆتۆمبێل لە بەهاری ڕابردوو، شەپۆلێكی ڕەخنەی ڕووبەڕووی ماركە بازرگانییەكە لێكەوتەوە.
ئەوكات كڕیارەكە وتی، خەریكبووە بمرێت بەهۆی لەكاركەوتنی سیستمی (ABS) لە ئۆتۆمبێلەكەیدا، ڤیدیۆكەش بەشێوەیەكی بەربڵاو بڵاوكرایەوە.
چین بازاری گەورەی ماركە بازرگانییەكانی ئەمریكایە، كۆمپانیاكە كە خاوەندارێتییەكەی بۆ ئیلۆن مەسك دەگەڕێتەوە، كارگەی سێیەمی لە شەنگەهای چین لە ساڵی 2019 بونیادنا و لەی چین چارەكێكی كۆی بەرهەمەكانی دەفرۆشێت.