سێبه‌ری كاندیدان بۆ كەسی یەكەمی كۆشكی سپی

كاندیدانی جێگری سەرۆكی ئەمریكا

دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ 3ی تشرینی دووەمی 2020 دەستی پێكردووە، هەریەکە لە دۆناڵد ترەمپ وەک کاندیدی کۆمارییەکان و جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان کێبڕکێدەکەن لەسەر بەدەستهێنانی كورسی سه‌رۆكایه‌تیی ئەمریکا، هەر لەو میانەشدا مایک پێنس وەک جێگری ترەمپ و کامالا هاریس وەک جێگری بایدن کێبڕکێی سەرکەوتن دەکەن.

له‌ سیستمی حكومڕانیی ئه‌مریكا “ڤایس پرێزیدینت” جێگری سه‌رۆك ڕۆڵی تایبه‌تی هه‌یه‌ و ده‌كرێت له‌ غیابی سه‌رۆكدا ڕۆڵی ئه‌و ببینێت، بۆیه‌ دیاری كردنی كه‌سایه‌تیی به‌هێز ڕۆڵی ده‌بێت له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی ده‌نگی كاندیدی سه‌رۆكایه‌تی.

مایک پێنس له‌ پێشكه‌شكاری ڕادیۆوه‌ بۆ جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا
مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئێستای ئەمریکا و كاندید بۆ جێگری سه‌رۆكی داهاتوو، پێشتر بەرنامەیەکی ڕادیۆیی و تەلەفیزیۆنی لە ساڵی 1990دا پێشکەشکردووە، دوای ئەوەی دووجار هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی کورسی کۆنگرێس شکستیهێنا، لە ساڵی 2000دا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بوو بە ئەندامی کۆنگرێس، هەروەها بووبە سەرۆکی کۆنگرەی کۆمارییەکان پێش ئەوەی لە ساڵی 2012دا کاندید بکرێت بۆ حاکمی ویلایەتی ئیندیانا، لە مانگی تەموزی ساڵی 2016دا پێنس بۆ جێگری سەرۆکی ئەمریکا لەلایەن کۆمارییەکانەوە کاندید کرا، لە مانگی ئابی 2016شدا مایک پێنس وەک جێگری دۆناڵد ترەمپ دیاریکرا، دوای سەرکەوتنی ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی 2016دا لە 20ی کانونی دووەمی 2017دا پێنس سوێندی یاسایی خوارد.


ژیانی پێشووی پێنس

مایکڵ ڕیچارد پێنس، لە 7ی حوزەیران 1959 لە کۆڵۆمبۆسی ویلایەتی ئیندیانا لەدایک بووە، یەکێکە لە شەش منداڵەکانی نانسی و ئیدوارد پێنس، کە یەکێک بووە لە سەربازەکانی سوپای ئەمریکا، پێنس لەڕووی سیاسییەوە لە ژێر کاریگەریی کاسۆلیکییە ئێرلەندییەکاندا بووە، هەروەها خۆشەویستییەکی زۆری بۆ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا جۆن ئێف کەنەدی هەبووە، خۆی تەرخانکردووە بۆ کارکردن لە حزبی دیموکراتەکانی ئەمریکا کاتێک خوێندکاربووە لە ناوەندی کۆڵۆمبۆس.
لە خێزانی مایک پێنس و ژیانی منداڵیدا کەنیسە ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبووە، زۆرترین گۆڕانکارییەکان لە ژیانی پێنسدا لەوکاتەوە دەستیپێکرد کە خوێندکار بووە لە کۆلێژی هانۆڤەر، دوای دەرچوون و بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە ساڵی 1983 ڕۆشتووەتە ئیندیاناپۆلیس بۆ کۆلێژی داد لە زانکۆی ئیندیانا، لە ساڵی 1986 بڕوانامەی دکتۆرای لە مافدا بەدەستهێناوە.

لە ساڵی 1985 پێنس هاوسەرگیری لەگەڵ کارین کردووە، پێشتر مامۆستا بووە لە خوێندنگەیەکی سەرەتایی، بەشداری کردووە لە ڕێکخراوەکانی پەیوەست بە گەنجان، پێنس سێ منداڵی هەیە، بەناوەکانی، مایکڵ، شارلۆت، ئۆدری.

کارەکانی پێشووی
پێنس دوای دەرچوونی لە زانکۆ و تێکەڵبوونی لەگەڵ سیاسەت، بووبە ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی حزبی کۆمارییەکان لە ناوچەی ماریۆن، دوای ئەوەی لە ئەرکەکانیدا سەرکەوتنی زۆری بەدەستهێنا، دووجار لە ساڵەکانی 1988 و 1990 شکستیهێنا لە خۆکاندیدکردنی بۆ کۆنگرێس لەبەرامبەر کاندیدەکانی دیموکراتەکان بۆ کۆنگرێس.

دواتر پێنس بوو بە سەرۆکی دامەزراوەی Indiana Policy Review Foundation، لە ساڵی 1991 تاوەکو ساڵی 1993، دواتر بوو به‌ پێشکەشکاری بەرنامەیەکی ڕادیۆیی و تەلەفیزۆنی بەناوی The Mike Pence Show، به‌ڵام زۆری نه‌خایاند و لە ساڵی 1994 کۆتایی بە پەخشی بەرنامەکەی هێنا.

بوون به‌ كۆنگرێسمان
پێنس گەڕایەوە بۆ ناو ژیانی سیاسی دوای ئەوەی لە ساڵی 2000دا خۆی کاندید کرد بۆ ئەندامیه‌تی کۆنگرێس و سەرکەوتنی بەدەستهێنا، پێنس وەسفی خۆی بە (مەسیەحییەکی، پارێزکار، کۆماری) دەکات، هەروەها بەوە ناسراوە کە ناترسێت لە سەرپێچی کردن لە هێڵەکانی حزبەکەی، یەکێک بووە لە بەرهەڵستکارانی سیاسەتەکانی جۆرج دەبلیو بۆشی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا.
پێنس لە ساڵی 2005 پلەی بەرزبووەوە بۆ سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی کۆماریی، لە ساڵی 2006 شکستیهێنا بەرامبەر جۆن بوینەر لە ئۆهایۆ بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کەمینەکان بەڵام دوای دوو ساڵ توانی ببێتە سەرۆکی کۆنگرەی کۆماریی.

لە ساڵی 2011دا مایک پێنس نیازی خۆی بۆ خۆکاندیدکردنی حاکمی ویلایەتی ئیندیانا ئاشکراکرد و دوای کێبڕکێیەکی سەخت لەگەڵ جۆن جریجی ڕکابەری لە دیموکراتەکانی ئەمریکا، توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت بە کۆکردنەوەی نزیکەی %50ی دەنگەکان.

دواین پۆستی پێنس
دوای ماوەیەک لە ڕاگەیاندنی نیازی خۆی بۆ دووبارە خۆکاندیدکردنی بۆ حاکمی ویلایەتی ئیندیانا، پێنس وەک کاندیدی پۆستی جێگری دۆناڵد ترەمپ دیاریکرا لە ساڵی 2016 دا، لەگەڵ ئەوەی پێنس بەرهەڵستکاری هەندێک لە بۆچونه‌كانی دۆناڵد ترەمپ بوو، بەڵام وەک کاندیدێکی بەهێز لە نیویۆرک دانرا بەهۆی ئەو پەیوەندیەی بە سەرۆکایەتیی کۆنگرێس و پاڵپشتیی بەهێزی لەلایەن پارێزکارەکانەوە.

لە 15ی تەموزی 2016، ترەمپ بەشێوەیەکی فەرمی لە ڕێگەی تویتەرەوە، پێنسی دیاریکرد وەک کاندید بۆ پۆستی جێگری سەرۆک.

لە 20ی تەموزی 2016دا پینس لەلایەن حزبەکەیەوە لە کۆنگرەی نیشتمانیی حزبی کۆماری لە کلیفلاند وەک جێگری سەرۆکی ئەمریکا دانرا.

لە 8ی تشرینی یەکەمی 2016دا پێنس وەک جێگری سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرا و دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکای بردەوە بەرامبەر کاندیدی دیموکراتەکان هیلاری کڵینتن.

لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ئەو ڕۆژەی هەڵبژاردنەکان لە بەرژەوەندی ترەمپ یەکلاییبووەوە، پێنس لە ئاهەنگی سەرکەوتن کە لە هۆتێل هیلتۆن لە شاری نیویۆرک وتەیەکی پێشکەشکرد و وتی، “ئەمە شەوێکی مێژووییە، ئەمە چرکەساتێکی مێژووییە، گەلی ئەمریکا پاڵەوانیكی نوێی هەڵبژارد”.

مایک پێنس ئێستا بۆ جاری دووەم کاندیدە بۆ وەرگرتنی هه‌مان پۆست، لە ئەگەری سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکان کە بڕیارە 3ی تشرینی دووەمی 2020 بەڕێوەبچێت، بردنەوەی ویلایەتی دووەمی سەرۆکایەتی، مایک پێنس دەبێتە جێگری سه‌رۆك بۆ چوار ساڵی داهاتوو و سەردەکەوێت بەسەر کامالا هاریسی کاندیدی دیموکراتەکان بۆ ئەو پۆستە.


کامالا هاریس ئه‌و ژنه‌ی شكست نازانێت
دوای تەواوکردنی زانکۆی هوارد و کۆلێژی هاستینگز بۆ یاسا لە زانکۆی کالیفۆرنیا، کامالا هاریس بووبە داواکاری گشتی لە ویلایەتی کالیفۆرنیا لە ساڵی 2010، لەدوای هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەمی ساڵی 2016، هاریس بووبە یەکەم ژنی ئەمریکی بە ڕەچەڵەک ئەفریقی و یەکەم ژنی باشووری ئاسیا کە کورسی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بباتەوە، له‌ ساڵی 2019دا هاریس خۆ کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020دا ڕاگەیاند، بەڵام دواتر لە کۆتایی ساڵی 2019دا لەو کێبڕکێیە کشایەوە، لە مانگی ئابی ئەمساڵدا جۆ بایدن هاریسی وەک جێگری سەرۆکی ئەمریکا بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دیاریکرد.

ژیانی پێشووی
کامالا دێڤی هاریس، لە 20ی تشرینی یەکەمی 1964 لە ئۆکلاندی سەربە ویلایەتی کالیفۆرنیا لەدایکبووە، لە گەڕەکی بێرکێلی گەورەبووە، لە دایکێکی هیندی و باوکێکی جامایکی لەدایکبووە، دایکی هاریس، شیامالا توێژەرێکی بەناوبانگی بواری نەخۆشی شێرپەنجە بووە، دۆناڵدی باوکی مامۆستای ئابوری بووە لە زانکۆی ستانفۆرد، لەگەڵ لەدایکبوونیان کامالا و خوشکە بچوکەکەی بەناوی مایا، پارێزگارییان لە میراتە هیندییەکەیان کردووە پەیوەستبوون بە بیروباوەڕی هیندۆسییەوە.
دایک و باوکی هاریس، جیابوونەتەوە کاتێک تەمەنی هاریس حەوت ساڵ بووە، لە تەمەنی 12 ساڵیدا لەگەڵ دایکی و خوشکەکەی چونەتە کەنەدا، هاریس لەو تەمەنەوە حەزی بۆ کاری سیاسی تێدا دەردەکەوێت.

هاریس لە کیبیکی کەنەدا، دەچێتە قوتابخانەی ناوەندیی وێستماونت، دوای گەڕانەوەی بۆ ئەمریکا دەچێتە زانکۆی هوارد لە واشنتنی پایتەخت، لە زانکۆ هەڵدەبژێردرێت بە ئەندامی ئەنجومەنی قوتابیان، پلەی بەکالۆریۆسی لە زانستی سیاسی و ئابورییدا بەکارهێنا، دواتر هاریس پەیوەندیکرد بە زانکۆی کالیفۆرنیا، کۆلێژی هاستینگز بۆ یاسا، لەساڵی 1989 بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێناوە.

کامالا هاریس، لە 22ی ئابی 2014دا هاوسەرگیری لەگەڵ دۆگلاس ئۆمهۆف کرد، لە سانتا باربرای سەربە ویلایەتی کالیفۆرنیا، ئەو پیاوەی هاوسەرگیری لەگەڵدا کردووە دوو منداڵی دیکەی هەبووە بە ناوەکانی ئێلا و کۆڵ ئەو منداڵانە کامالا بە S-Mamala بانگدەکەن.

پیشەی پێشووی
دوای ئەوەی لە سەندیکای پارێزەران لە ویلایەتی کالیفۆرنیا ڕەزامەندی وەرگرت لە ساڵی 1990، ژیانی پیشەیی هاریس دەستیپێکرد وەک نوێنەری پارێزەرانی ناوچەی ئالامیدا، لە ساڵی 1998دا هاریس بووبە پارێزەری کارگێڕی لە یەکەی تاوانکاریی نوسینگەی داواکاری گشتیی سانفرانسیسکۆ، لە ساڵی 2000 بووبە سەرۆکی بەشی کۆمەڵ و ژیان، لەو ماوەیەدا یەکەم نوسینگەی لە ویلایەتەکە بۆ کەیسەکانی منداڵان پێکهێنا.

هاریس توانی سەرکەوتووبێت لە ژیانی سیاسی و پیشەییدا و بووبە داواکاری گشتیی کالیفۆرنیا لە تشرینی دووەمی ساڵی 2010، ئەوە یەکەم ژنە ئەمریکی بە ڕەچەڵەک ئەفریقی بوو کە ئەو پۆستە وەربگرێت.

لە تشرینی دووەمی 2016دا، هاریس بە ئاسانی توانی جێگە بە لۆریتا سانچێز بلەقێنێت، بۆ بەدەستهێنانی کورسییەکی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا لە ویلایەتی کالیفۆرنیا، بووبە دووەم ئەمریکی بەڕەگەز ئەفریقی و یەکەم ئەمریکی لە باشووری ئاسیا بچێتە ئەنجومەنی پیران.

هاریس بەشداریکرد لە لیژنەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کاروباری حکومەت، لیژنەی هەواڵگری، لیژنەی دادوەری، لیژنەی بودجە، کە پاڵپشتیی چاودێریی تەندروستی دەکرد، هەروەها بەخشینی دارایی بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی تێچووی نیشتەجێبوون.

لە 21ی کانونی دووەمی 2019دا، هاریس خۆکاندید کردنی بۆ سەرۆکایەتی لە هەڵبژاردنەکانی 2020دا ئاشکراکرد.

لە سەرەتاکانی مانگی کانونی یەکەمی ساڵی 2019 هاریس ڕایگەیاند کە هەڵمەتەکەی بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا کۆتایی پێدەهێنێت و لە خۆکاندید کردن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی دەکشێتەوە.

هاریس هەوڵەکانی بۆ بابەتی دوورخستنەوەی ترەمپ فراوانکرد بەهۆی پەیوەندییەکانی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ ئۆکرانیا.

لە 11ی ئابی 2020، جۆ بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە کێبڕکێکارەکەی پێشووی خۆی، کامالا هاریس بۆ جێگرەکەی پێشنیاز دەکات، بایدن وتی، “شەرەفمەندین بە ڕاگەیاندنی پێشنیارکردنی کامالا هاریس، وەک جەنگاوەرێکی نەترس بۆ جێگری سەرۆک لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، کە یەکێکە لە باشترین ئەو کەسانەی بۆ خزمەتی گشتی کاریکردووە”.

هاریس كه‌ خاوه‌نی چه‌ندین كتێبه‌، یەکەم ژنی ڕەشپێستی باشووری ئاسیایە، کە بۆ ئەو پۆستە نیشتمانییە کاندید بکرێت لەلایەن حزبێکی گەورەوە، هەروەها چوارەم ژنە لە مێژوودا بەشداری دەکات لە کێبڕکێکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا.
ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی پێنس و هاریس
دوای هەفتەیەک لە دەمەقاڵێی نێوان بایدن و ترەمپ، لە 7ی 10ی 2020، هاریس و مایک پێنس گفتوگۆیەکی مەدەنی لەنێوانیاندا ئەنجامدرا، کە زۆرترین گفتوگۆی لەبارەی کۆرۆنا و گیانلەدەستدانی 210,000 ئەمریکی تاوەکو ئەوکاتە.

جێگری سەرۆکی ئەمریکا بەرزترین پۆستە لە وڵاتدا لەدوای سەرۆکی ئەمریکا، کە سەرجەم دەسەڵاتەکانی سەرۆک وەردەگرێت لە هەندێک لەو حاڵەتانەی دەستوور دیاریکردووە وەک مردن یاخود دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک، هەروەها دەتوانێت سەرجەم ئەو ئەرکانە بە ئەنجام بگەیەنێت کە سەرۆک پێی دەسپێرێت بەبێ ئەوەی هیچ ڕێگرییەکی دەستووری هەبێت، جگە لەوەی جێگری سەرۆک ڕۆڵێکی کاریگەری لە یارییە سیاسییەکانی سەرۆکدا هەیە، لە مادەی دووەمی دەستووری ئەمریکادا هاتووە، لە حاڵەتی مردن یان نەخۆشی یان نەتوانینی سەرۆک بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی بە هەر هۆکارێک ڕاستەوخۆ جێگرەکەی دەسەڵاتەکانی وەردەگرێت.

بابەتی پێشتر

پەرلەمانی كوردستان.. 16 ئەندام داوای بانگێشتكردنی وەزیری ناوخۆ دەكەن

بابەتی دواتر

لیژنە‌ی باڵای بایۆمە‌تری 16 هەزار موچەی نایاسایی ڕادەگرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

شارەزایەکی ڕووسی ئامانجی تورکیا لە کردنەوەی بارەگایەکی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوبەش لەگەڵ قەتەر ئاشکرادەکات

وەزیری بەرگریی قەتەر، خالد بن محەممەد عەتییە و وەزیری بەرگریی تورکیا خولووسی ئاکار، بارەگایەکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان لە بنکەی…
زیاتر ببینە

عێراق گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی بۆ دەربازبوونی یەکجاری لە قەیرانی دارایی پێویستە پشتبەستن بە نەوت کەمبکاتەوە

لە کۆتاییەکانی هەموو ساڵێکی داراییدا، بابەتی نووسینەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵیی عێراق، دەبێتە پرسێکی گرنگ و جێگەی بایەخی میدیاکان،…
Total
0
Share