شیكردنەوەیەكی پزیشكی ‏ڕوونیدەكاتەوە
بۆچی هەندێك حەز بە خواردنەوەی قاوەی تاڵ دەكەن؟

قاوە یەكێك لە خواردنەوە زۆر باوەكانی جیهان

ئەگەر لەو كەسانەیت كە حەز بە خواردنەوەی قاوەی تاڵ، یان چۆكلەیتی ڕەش دەكەیت، ‏پێدەچێت ئەم حەزی “تاڵییە” پەیوەندیداربێت بەهۆكاری بۆماوەیی، وەك ئەوەی توێژەرێكی ‏ئەمریكی دەیڵێت.‏

مارلین كۆرنیلیس، توێژەر و مامۆستا لە پزیشكی بەرگری لە زانكۆی نۆرس ویسترن لە ‏چیكاگۆ ڕوونیدەكاتەوە، ئەوەی حەزی قاوەی ڕەشی بەبۆماوە بۆماوەتەوە “خۆشبەختە” ‏بەهۆی ئەوەی ئەو خواردنەوەیە سوودی تەندروستیی هەیە.‏

پسپۆڕە ئەمریكییەكە دەڵێت، خواردنەوەی بڕێكی گونجاوی قاوەی ڕەش، بەواتای لەنێوان ‏سێ بۆ پێنج كوپ لە ڕۆژێكدا، توانای كەمكردنەوەی مەترسی چەندین نەخۆشی نیشانداوە، ‏لەنێویاندا “پاركینسۆن” و دڵەكوتێ و شەكرەی جۆری دووەم و چەند جۆرێكی شێرپەنجە.‏

توێژەرەكە هۆشداری ئەوە دەدات كە سوودمەندبوون لە سوودەكانی قاوە، لە بنەڕەتدا ‏پەیوەندیدارە بە تێكەڵنەكردنی لەگەڵ ماددەی زیانبەخشی وەك شەكر، شیر یان تام، كە ‏دەبێتەهۆی زیادبوونی یەكەی گەرمۆكە (كالۆری).‏

دەشڵێت، ئەو كەسەی دەیەوێت قاوە بخواتەوە، پێویستە كوپێك قاوەی ڕەش هەڵبژێرێت، ‏لەبەرئەوەی باشترینە لەڕووی تەندروستییەوە، هەروەها كاریگەرییەكەشی زۆر جیاوازە لە ‏قاوەیەك بە شیرەوە.‏

ڕوونیشیدەكاتەوە، قاوەی ڕەش بەشێوەی سروشتی یەكەی گەرمۆكەی تیانییە، لەكاتێكدا ‏یەكەی گەرمۆكە لە قاوە لەگەڵ شیردا دەگاتە سەدان.‏

لە توێژینەوەیەكی پێشوودا كە كۆرنیلیس لەگەڵ تیمە زانستییەكەی ئەنجامیداوە، دەركەوت ‏كە هۆكاری بۆماوەیی وادەكات هەندێك كەس حەز بە خواردنەوەی قاوەی ڕەش بكەن، ‏لەكاتێكدا هەندێكی دیكە حەزی پێناكەن بەهۆی ئەوەی تامەكەی تاڵە لای ئەوان.‏

بابەتی پێشتر

بۆ چوارەم ڕۆژ بەرزبووەوە.. نرخی نەوت بەربەرەكانێی ئۆمیكرۆن دەكات

بابەتی دواتر

‎پێنج کتێبی قەدەغەکراو.. کامیانت خوێندۆتەوە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share