پەرلەمانتارێكی پێشووی عێراق تۆمەتبارە بە قۆرخكردنی گرێبەستەكانی وەزارەتی پەروەردە، دەستەی دەستپاكی و دادگای ڕسافە لە بەغداد دەستیانكردووە بە لێكۆڵینەوە و فەرماندرا وەزیری پێشووی پەروەردە و بەڕێوەبەرێكی گشتیی پێشوو بچنە دادگا.
پرسەكە ئەمڕۆ یەكشەممە بووەتە ڕۆژەڤ دوای بڵاوكردنەوەی ڕاگەیەندراوێك لەلایەن فەرمانگەی لێكۆڵینەوەكانی دەستەی دەستپاكیی عێراق كە تیایدا دەڵێت، “دۆزەكە پەیوەستە بەو گومانەی لە ئەندامێكی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران دەكرێت بەوەی دەستیبەسەر گرێبەستەكانی وەزارەتی پەروەردەدا گرتبێت”.
بۆ لێكۆڵینەوەی زیاتر لە دۆزەكە، دادوەری لێكۆڵینەوە لە دادگای ڕسافە كە تایبەتمەندە بە بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەكردن لە كەیسەكانی گەندەڵی، فەرمانیدا وەزیری پێشووی پەروەردە و بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی كۆمپانیای نەهرەین بۆ چاپ و بەرهەمهێنانی پێداویستییەكانی خوێندن كە كۆمپانیایەكی حكومییە، بچنە دادگا و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا بكرێت.
ئەندامێكی خوولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران كە ناوەكەی ئاشكرانەكراوە، تۆمەتباركراوە بەوەی گرێبەستەكانی چاپكردنی پەرتووك و تێنووسی وەزارەتی پەروەردەی قۆرخكردووە و لەژێر فشاری ئەودا، گرێبەستێكی چاپكردنی تێنووسی خوێندنی داوە بە كۆمپانیای نەهرەین و ئەویش گرێبەستەكەی داوە بە كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت بەمەبەستی چاپكردنی تێنووسەكان لە دەرەوەی عێراق، وەك فەرمانگەی لێكۆڵینەوەكان لە دەستەی دەستپاكیی عێراق ڕوونیكردەوە.