لە كۆماری كۆنگۆی دیموكراتی خۆكوژێك خۆی بە ئاهەنگێكی كریسمسدا تەقاندەوە، جگە لەخۆی، پێنج كەسی دیكەش گیانیان لەدەستدا.
لانیكەم پێنج كەس گیانیان لەدەستدا دوای ئەوەی خۆكوژێك بۆمبێكی لە شاری بینی لە ڕۆژهەڵاتی كۆماری كۆنگۆی دیموكراتی تەقاندەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وتەبێژ بەناوی بەرپرسێكی سەربازیی ناوچەكە، خۆكوژەكە دوای ئەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ڕێگریی لێكراوە بچێتە ڕێستۆرانتێكەوە، بۆمبەكەی لە دەروازەكەیدا تەقاندووەتەوە و بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان شەش كەس كە لەنێویاندا خۆكوژەكە هەیە كوژراون و 13ی دیكەش برینداربوون و گواستراونەتەوە نەخۆشخانە.
بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس، ساتی ڕووداوەكە زیاتر لە 30 كەس لە ڕێستۆرانتەكە سەرقاڵی ئاهەنگی كریسمس بوون.
گومان دەكرێت هێرشبەرەكە سەر بە هێزە هاوپەیمانە دیموكراتییەكان بێت، كە لەلایەن هێزەكانی كۆنگۆ و ئۆگەنداوە لەژێر چاودێری و هێرشدان.
گروپەكە كە لە ساڵی 1995ــەوە لە ناوچە سنوورییەكان لەگەڵ ئۆگەندا لە چالاكیدایە، لە 30ی تشرینی دووەمی ڕابردووەوە لەلایەن هەردوو سوپای كۆنگۆ و ئۆگەنداوە ئۆپەراسیۆن لە دژیان دەستیپێكردووە.