ڕێگای بازرگانیی دهۆك-هەولێر لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە داخرا

ڕێگایەكی هاتوچۆی سەرەكیی هەولێر

بۆ ناڕەزایی نیشاندان بەرامبەر خراپی ڕێگاوبان و زیادبوونی ڕووداوەكانی هاتوچۆ هاوڵاتییانی چەند گوندێك خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و ڕێگای بازرگانیی دهۆك-هەولێریان داخست.

پەیامنێرمان لە دهۆك پێی ڕاگەیاندین، لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە هاوڵاتییانی گوندی شێخکا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و ڕێگای بازرگانیی نێوان پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر-یان داخستووە و ڕێگە بە هاتوچۆی ئۆتۆمبێل نادەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، دوای خۆپیشاندانەكەی هاوڵاتییانی ئەو گوندە، هاوڵاتییانی هەرسێ گوندی (بوزا، جەراحیێ و نسریێ) بەهەمان شێوە هاتوونەتە سەر جادە و ڕێگە بە هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لەسەر جادەی سنووری قەزای شێخان نادەن، کە ڕێگایەکی سەرەکی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرە لە گومرگی ئیبراهیم خەلیل-ەوە بۆ پارێزگای هەولێر.

وەك ئەوەی پەیامنێرمان پێی ڕاگەیاندین، گلەیی خۆپیشاندەران لەبارەی خراپی و یەكسایدی ڕێگاكەیە، بە وتەی ئەوان هاتوچۆکردنی بارهەڵگرەکان لەو ڕێگایەدا چەندین ڕووداوی هاتوچۆی بۆ هاوڵاتییانی ناوچەكە هێناوەتە ئاراوە، كە دوایین جار ڕووداوەكەی ئێوارەی دوێنی بوو و بەهۆیەوە پێنج ئەندامی یەک خێزانی گوندی شێخکا لە سنووری قەزای شێخان گیانیان لەدەستدا.

ڕوونیشیكردەوە، خۆپیشاندانەكە تا كاتی ئامادەكردنی ئەم هەواڵە سەرەڕای هەوڵەكانی هێزە ئەمنییەكان بۆ بڵاوەپێكردنیان بەردەوامە و ڕێگا بازرگانییەكە بە داخراوی ماوەتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share