ئێشكگری كەناراوەكانی یۆنان ڕایدەگەیەنێت، لانیكەم 13 كەس گیانیان لەدەستداوە و 63ی دیكە ڕزگاركراون دوای هەڵگەڕانەوەی ئەو بەلەمەی دەیگواستنەوە لە ناوەڕاستی دەریای ئیجەدا.
ڕووداوەكە لە نزیك دوورگەی بارۆس-ی یۆنانی بووە و بەپێی ڕاگەیەنراوی ئەو هێزانە، پرۆسەی گەڕان و ڕزگاكردن لە باكووری ڕۆژئاوای دوورگەكە دەستیپێكردووە.
نوقمبوونی بەلەمەكە سێیەم ڕووداوی لەوجۆرەی كۆچبەرانە لە ئاوەكانی یۆنان لەماوەی تەنها ئەم هەفتەیەدا.
لەلایەن هێزەكانی ئێشكگری كەناراوەكانی یۆنانەوە فڕۆكە و كەشتی ڕەوانەی ناوچەكە كراون.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئەسینا، كە ئاژانسێكی یۆنانیی نیمچە فەرمییە، پێدەچێت 80 كەس لەناو بەلەمەكەدا بووبێتن، ئاماژەی بەوەشكردووە كە هۆكاری هەڵگەڕانەوەی بەلەمەكە نەزانراوە.
لەكاتێكی پێشتردا دەسەڵاتدارانی یۆنان هەڵگرتنەوەی 11 تەرمی لە شوێنی نوقمبوونی بەلەمێكی دیكەی كۆچبەران لە نزیك دوورگەیەكی باشووری یۆنان لە ڕۆژی پێنجشەممە ڕاگەیاند، هەروەك 90 كەسی دیكە ڕزگاركران.