ژمارەیەك فراكسیۆن و پەرلەمانتار بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمانیان كرد

بەهۆی ناڕەزاییان لەسەر بەشێكی لە ناوەرۆكی پرۆژەیاسای تایبەت بە چەك، ژمارەیەك لە فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانتاران بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمانیان كرد.

دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن فراكسیۆنەكانی گۆڕان، كۆمەڵ و یەكگرتوو و ژمارەیەك پەرلەمانتاری فراكسیۆنە جیاوازەكانەوە بایكۆت كرا دوای ئەوەی وەك خۆیان دەڵێن، تێبینییەكانی دەربارەی چەند بڕگەیەكی پرۆژەیاسای چەك بەهەند وەرنەگیراوە.

زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئەمڕۆ خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاساكە كرا، لەلایەن ژمارەیەك لە فراكسیۆنەكانەوە تێبینی لەسەر ماددەیەك هەبووە.

وتیشی، “وەك یەكێتی بەلامانەوە گرنگە ئەگەر بڕگەیەك لە یاساكەدا لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان نەبێت چارەسەری بكەین، نەك بایكۆت و گەورەكردنی لە میدیادا”.

دوابەدوای بڕیاری بایكۆتكردنەكە سه‌رچنار ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كگرتوو لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، چه‌ندین تێبینیمان له‌سه‌ر یاساكه‌ هه‌یه‌ و تێبینیه‌كانمان به‌ هه‌ند وه‌رنه‌گیراون و سووربوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی وه‌كو خۆی بڕوات وه‌ك چۆن له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ كراوه‌.

ڕەخنە و تێبینییەكان لەسەر ماددەی 13ی یاساكەیە، عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەهەمان كۆنگرەی ڕۆژنامەنوسیدا وتی، “خاڵی سێیه‌م له‌ مادده‌ی 13ی یاساكه‌ دوو ده‌سته‌واژه‌ی تیایه‌، كه‌ به‌قسه‌ی وه‌زیریش ناتوانێت ته‌عریفی لێبكرێت، به‌ڵام حوكمه‌كه‌ ئیعدامه‌، بۆ نمونه‌ له‌ كوردستاندا هیچ كۆمپانیایه‌ك به‌ فه‌رمی چه‌ك ناهێنێت، هه‌ر چه‌كێك له‌ كوردستاندا هه‌بێت كه‌ واتا به‌قاچاغ هاتووه‌، هه‌ر كه‌سێك چه‌كی بێمۆڵه‌تی پێبێت ده‌كرێت وا ته‌فسیر بكرێت كه‌ به‌ نیازی یاخیبون بوە و ئه‌مری ئیعدامیان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ بكرێت”.

“ده‌كرێت له‌ داهاتوودا كۆمه‌ڵێك گه‌نج خۆپیشاندان بكه‌ن و بچنه‌ سه‌ر ماڵه‌كانیان و چه‌كیان هه‌بێت و به‌ تۆمه‌تی یاخیبوون یان تێكدانی ئاسایشی گشتی سزابدرێن” عەلی حەمەساڵح وایوت و دووپاتیشیكردەوە، “ترسمان هه‌یه‌ ئه‌م مادده‌ی به‌كاربهێنرێت بۆ ناكۆكیی سیاسی و سه‌ركوتكردن و ته‌سفیه‌ی حسابات”.

بابەتی پێشتر

کێشەت چییە؟

بابەتی دواتر

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر: دەكرا قوربانییانی لافاوەكە كەمتر بكەینەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share