بەتۆمەتی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی، بەڕێوەبەری پێشووی شارەوانیی ڕزگاری لە گەرمیان دەستگیرکرا، دۆسیەكەی پەیوەندیی بە دروستكردنی مەیدانی ئاژەڵانی ناحیەكەوە هەیە.
لەناو ناحیەی ڕزگاری لە ئیدارەی گەرمیان، زیاتر لە 30 هەزار سەر ئاژەڵ هەن، زۆربەیان لەو مەیدانی ئاژەڵانە مامەڵەیان پێوەدەكرێت، كە چەند ساڵێكە دروستكراوە، بەڵام بەهۆی بوونی گەندەڵی لە دروستكردنەكەیدا و “نادادپەروەری لە دابەشکردنی مەیدانی ئاژەڵاندا”، دوێنێ بەڕێوەبەری پێشووی شارەوانیی ڕزگاری دەستگیرکراوە.
دۆسیەی مەیدانەكەی ئاژەڵانی ناحیەكە نوێ نییە و چەند جارێك لێكۆڵینەوەی لەبارەوە كراوە، دوێنێ لەسەر دۆسیەكە، لەلایەن دادگای دەستپاکیی گەرمیانەوە سەرۆکی پێشووی شارەوانیی ناحیەکە دەستبەسەركرا.
بەرزان کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “لەناو مەیدانە دروستکراوەکەدا خەڵک هەیە فەرمانبەرە، یان مووچەخۆرە، بەڵام شوێنی پێدراوە، لەکاتێکدا خەڵکی دیکە هەن کە ئاژەڵدارن و شوێنیان لە مەیدانەکەدا نییە”.
بەهۆی نەبوونی شوێنەوە، بەشێک لە ئاژەڵداران بەخێوکردنی ئاژەڵەکانیان بردووەتە ناو ناحیەی ڕزگاری، ئەوەش کاردانەوە و نیگەرانیی خەڵکی لێکەوتووەتەوە.
دوێنێ دادگای دەستپاکیی گەرمیان، ئاراس محەمەد بەڕێوەبەری پێشووی شارەوانییەکانی ناحیەی ڕزگاری ڕاگرت، وەک کاردانەوەیەک لەسەر نادادپەروەری لە دابەشکردنی مەیدانەکەدا.
بەرپرسەكەی پێشووی ناحیەكە بەپێی ماددەی 340ی یاسای سزادانی عێراقی دەستگیركراوە، كە تایبەتە بە زیانگەیاندن بە پارە و موڵكی دەوڵەت.
لە مەیدانی ئاژەڵانی ناحیەی ڕزگاری ڕۆژانە 30 هەزار ئاژەڵ مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکرێت و بەشێک لە ئاژەڵداران ئاژەڵەکانیان هەر لەناو مەیدانەکەدا دەهێڵنەوە.