دوای ئەوەی باڵیۆزی ئێران، لەو بەشەی یەمەن كە لەژێر دەسەڵاتی حوسییەکاندایە، بە فڕۆکەیەک گواسترایەوە بۆ بەغداد و دواتریش بەرەو ئێران، بەیانی ئەمڕۆ دیپلۆماتکارە ئێرانییەکە لە وڵاتەکەی خۆی گیانیلەدەستدا.
سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و درەنگ گەڕاندەوەی لە یەمەنەوە، حەسەن ئایرلو، بەیانی ئەمڕۆ گیانیلەدەستدا”.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئیرنا، بەهۆی درەنگخستنی گەشتەکەی باڵیۆزەكەی ئێران لە یەمەن، نەخۆشییەکە کاریگەریی توندی لەسەر حەسەن ئایرلو کردبوو، بۆیە پزیشکەکان لە ئێران نەیانتوانی هاوکاریی بکەن.
سەرچاوە ئێرانی و سعودییەکان بە ئاژانسی فرانس پرێسیان ڕاگەیاندووە، ئەو فڕۆکەیەی کە باڵیۆزی ئێرانی لە پایتەختی یەمەن گواستەوە، عێراقی بووە.
دوای چوونەدەرەوەی حەسەن ئایرلو، باڵیۆزی ئێران لەو بەشەی یەمەن كە لەژێر دەسەڵاتی حوسییەکاندایە، چەند خوێندنەوەیەک بۆ چوونەدەرەوەی باڵیۆزەکە کراوە، ئەگەرچی ئێران دەڵێت ئەو بۆ چارەسەری کۆرۆنا لە یەمەن چووەتەدەرەوە.
ئاژانسی فرانس پرێس ئاشكرایکردووە، فڕۆکە عێراقییەکە بە ئاگاداریی هاوپەیمانیی عەرەبی بووە، کە سعودیە و ئیمارات سەركردایەتیی دەكەن.
سەرچاوە سعودییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، فڕۆکە عێراقییەکە باڵیۆزەکەی ئێرانی لە سەنعای پایتەختی یەمەن گواستووەتەوە بۆ شاری بەغداد.