گەڕی حەوتەمی وتوێژە ئەتۆمییەكان لە ڤیەننا كۆتایی هات، بەبێ ئەوەی وادەی داهاتووی دەستپێكردنەوەی دیاریبكرێت، یەكێتی ئەوروپا خوازیارە دەستپێكردنەوەی بەر لە كۆتایی ئەمساڵ بێت، كۆتایی هاتنی ئەم گەڕە لەسەر چەندبارەكردنەوەی داوای ئێران بووە.
دیپلۆماتكارێكی ئەوروپی ڕایگەیاند، بڕیاربوو وتوێژەكان تا سەرەتای هەفتەی داهاتوو و بە چەند ڕۆژێك بەر لە پشووی سەری ساڵ بەردەوام بێت بەمەبەستی چارەسەری ئەو ناكۆكییانەی ماون ئەوەندەی لە توانادا بێت، بەر لە كۆتایی هاتنی ئەم گەڕە، بەڵام شاندی ئێران بەدرێژایی نۆ ڕۆژی ڕابردوو جەختیدەكردەوە لەسەر كۆتایی هێنان بە گەڕی وتوێژەكان و گەڕانەوە بۆ تاران بۆ ڕاوێژ.
لە یەكەم لێدوانی ئەمریكا دەربارەی كۆتایی هاتنی ئەم گەڕەی وتوێژەكان، جیك سۆلڤیان، ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكا وتی، دانوستانەكانی گەڕانەوە بۆ ڕێككەوتنی ئەتۆمی “باش بەڕێوەناچێت”.
لە كۆڕێكدا لەڕێی ئینتەرنێت وتیشی، ویلایەتە یەكگرتووەكان لەڕێی وتوێژكارە ئەوروپییەكان “بێزاری” خۆی نیشانداوە لەبارەی “بەرەوپێشەوەچوونی تاران” لە بەرنامە ئەتۆمییەكانیدا.
هەروەك ئینریكی مۆرا، ڕێكخەری وتوێژەكان بەناوی یەكێتیی ئەوروپا وتی، وتوێژكاران ڕێككەوتن لەسەر ڕەشنوسێكی نوێی كاركردن كە لەسەر بنەماكەی وتوێژەكان تەواو دەكرا. ڕەشنوسەكە هەمان كۆنەكەیە كە لەگەڵ شاندی پێشووی ئێران پێی گەیشتوون و هەندێك هەمواری تیاكراوە و ڕادەستی شاندی نوێی ئێران بە سەرۆكایەتی عەلی باقر كنی كراوە.
پێدەچێت وتوێژەكانی گەڕی حەوتەم كە لە 29ی تشرینی دووەمی ڕابردوو دەستپێكرد لەگەڵ پێنج ڕۆژ پشوو و دووبارە گەڕانەوەی شاندەكان بۆ ڕاوێژ، تایبەت بووبێت بە تاوتوێكردنی داواكانی حكومەتی نوێی ئێران، مۆرا ئەو ڕاستییەی دوپاتكردەوە و وتی، “ئەوەی لەماوەی 19 ڕۆژی ڕابردوودا ئەنجامماندا خستنەناوەوەی كاری شاندی نوێی ئێران بوو بۆ ڕەشنوسەكە”.
هاوكات دیپلۆماتكارانی ئەوروپی هەرسێ وڵاتی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە كۆتایی گەڕی ئەمجارەدا وتیان، “پێشكەوتنێكی تەكینیكی لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا هاتووەتەدی، بەڵام ئەمە تەنها دەمانباتەوە بۆ شوێنێكی نزیك لەوەی لە 20ی حوزەیرانی ڕابردوو لێی وەستاین”.
هەروەك بڕیاری شاندی ئێرانیان بە گەڕانەوە بۆ تاران بە “بێ ئومێدكەر” ناوبرد لەكاتێكدا ئەوان “ئامادەبوون بۆ مانەوە و تەواوكردنی وتوێژەكان هاوشانی ڕوس و چینی و ئەمریكییەكان”.
ئەوروپییەكان دوپاتیشیانكردەوە كە “تەنها چەند هەفتە نەك مانگ لەبەردەمدایە بەر لەوەی سوودەكانی ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەڕووی پابەندییە ئەتۆمییەكانەوە بێبەها بێت” و هۆشدارییاندا لەوەی “بەخێرایی لە كۆتایی ڕێگای ئەم وتوێژانە نزیكدەبنەوە، بەهۆی ئەوەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران ئێستا لەبەرەوپێشچووندایە زیاتر لە هەركاتێكی ڕابردوو”.
هەر لەو نێوەندەدا، لەبارەی دیارنەمانی تۆماری ڤیدیۆیی یەكێك لە وێستگە ئەتۆمییەكانی ئێران، سەرۆكی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و دەزگای ئەتۆمیی ئێران وەڵام و وەڵامكارییان هەیە و ناكۆكن.
ڕافایێل گرۆسی، ئەمینداری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ڕایگەیاند، بەدەستهێنانی ناوەرۆكی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییانەی ئێران ڕەزامەندی لەسەر دانانیان لەنێو دامەزراوەی ئەتۆمیی كەرەج دەربڕیوە لەلایەن ئاژانسەكەیانەوە، لەسەر چارەنووسی وتووێژە سیاسییەكان دەوەستێتەوە.
ئەمەش لەكاتێكدایە ئێران ئەو كامێرا چاودێرییەی ڕادەستی ئاژانسەكە كرد كە لەنێو دامەزراوەی كەرەج بوو و بەهۆی كارێكی تێكدەرانەوە ڕووبەڕووی تێكچوون ببووەوە، بەبێ ئەوەی یادگە (میمۆری)یەكەی ناوی ڕادەست بكات.
لەوبارەیەوە گرۆسی وتی، “پرسی دیارنەمانی یادگەكە تائێستا ناڕۆشنە” و چاوەڕوانی ڕوونكردنەوەیە لە لایەنی ئێرانییەوە.
بەڵام لەهەمان كاتدا دڵنیایی خۆی نیشاندا كە شارەزایانی ئاژانسەكەیان دەتوانن وێنای ئەو چالاكییانە بكەن كە لەنێو ناوەندەكەدا ئەنجامدراوە، تەنانەت ئەگەر تۆمارەكەشیان دەستنەكەوێت.
لە وەڵامدا بەرپرسێكی ئاگادار لە ڕێكخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران ڕایگەیاند، یەكەی تۆماری زانیارییەكان كە بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی ئەتۆم باسیدەكات، لە كارێكی تێكدەرانەدا لەناوچووە، ئەركی ئاژانسەكەیە كە وەڵامبداتەوە بۆچی سەرجەم تواناكانی بەكارناهێنێت بۆ ڕێگری لە ڕوودانی ئەو كارە تێكدەرانانە و زانینی سەرچاوەكەی”.
میدیا ئێرانییەكان لە زاری بەرپرسەكەوە بڵاویانكردووەتەوە، “ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سەرەڕای بەرپرسیارێتییەكانی لە چاودێریكردن، بەرپرسیارێتی پاراستنیشی لەسەرشانە، بەرامبەر ئەندامانی ئاژانسەكە”.
ئەم دۆخە لەكاتێكدایە بەمدواییە ئێران ڕەزامەندی لەسەر داوایەكی ئاژانسەكە دەربڕی بۆ سەرلەنوێ دانانی كامێرای چاودێری لە دامەزراوە ئەتۆمییەكە، كە لە مانگی ئایاری ڕابردوو ڕووبەڕووی كارە تێكدەرانەكە بووەوە و، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی گومانی هەیە ئێران بەكاریدەهێنێت بۆ دروستكردنی تۆڕباینی پێشكەوتوو لە نەوەی شەشەم كە توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی هەیە بە پلەیەكی پوختی باڵا.
بەپێی وتەی گرۆسی، دووبارە دانانەوەی كامێراكان لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا دەبێت و هۆشداریدایە ئێران لە دەستكاریكردنی، سەرەڕای ئەوەی نمونەیەكی لە كامێراكان خستە بەردەم ڕۆژنامەنووسان لە بارەگای ئاژانسەكە لە ڤیەننا و وتی، كامێراكە لەنێو بۆكسێكی مۆركراودا جێگیركراوە و ئەگەر ئێران بیەوێت بیكاتەوە دەردەكەوێت و “پێیدەزانین”.