کۆمپانیاكانی فایزەری ئەمریکی و بایۆنتێکی ئەڵمانی ئاشکرایانکردووە، تاقیکردنەوەکانیان بۆ وەرگرتنی ژەمی سێیەمی ڤاکسینی کۆرۆنا لەلایەن منداڵانی دوو، سێ و چوار ساڵەوە دەستپێکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی ژەمەكانی یەكەم و دووەمی ڤاکسینەکەیان کاریگەریی نەبوو.
فایزەر – بایۆنتێك ڕایانگەیاندووە، ژەمی یەکەم و دووەمی ڤاکسینەکەیان دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە منداڵانی دوو ساڵ تا چوار ساڵدا وەڵامدانەوەی ئەرێنیی نەبووە وەک ئەوەی لە نەوجەوانان و پێگەیشتوواندا بەدەستهاتووە.
ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردووەتەوە، لە ئەگەری سەرکەوتوویی ژەمی سێیەمی ڤاکسینەکە بۆ منداڵانی خوار پێنج ساڵ، لە نیوەی یەکەمی ساڵی داهاتوودا کۆمپانیاکە داتاکان دەداتە لایەنە تەندروستییە فەرمییەکان.
هەردوو کۆمپانیاکە پێشتر ڕایانگەیاند، تاقیکردنەوەکانیان لەسەر دوو ژەمی ڤاکسینەکە بۆ منداڵانی شەش مانگ تاوەکو دوو ساڵ کاریگەریی هەبووە و وەڵامدانەوەکانی ئەرێنی بوون، بەڵام لە منداڵانی دوو ساڵ تا چوار ساڵ کاریگەریی نەبووە.
یەکێک لە توێژەرانی سەرەکیی تاقیكردنەوەكان دەڵێت، “تووشی بێهیوایی بووین لە تاقیکردنەوەکانمان لە ژەمی یەکەم و دووەم، بەڵام پێشبینی دەکەین ژەمی سێیەم ئەو ئەنجامە بدات بەدەستەوە کە دەمانەوێت”.
تائێستا کۆمپانیای فایزەر تاقیکردنەوە لەسەر ژەمی سێیەمی ڤاکسینەکەی دەکات لەسەر منداڵانی تەمەن پێنج بۆ 11 ساڵ، هەروەها 12 بۆ 17 ساڵ و نەگەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی.