هەوڵەكان بۆ لابردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و هەڵوێستی كورد لەبارەیانەوە

سونەكان بە نیازن حەلبوسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لاببەن، بۆ ئەو مەبەستەش لە هەوڵی بەدەستهێنانی پشتگیریی كورد و شیعەكان-دان، ئەوەی تا ئێستا ئاشكرایە، بەشێك لە لایەنە شیعەكان پشتیوانییان دەكەن و بەشێكی تریش بۆ پشتیوانیكردن، مەرجیان هەیە، كورد-یش وەك یەكێك لە نوێنەرەكانی بەغداد-ی باسی دەكات، پێناچێت ببێتە بەشێك لە بەرەی دژ بە حەلبووسی.

“حەلبووسی تاكڕەوە”
“ئێستا” زانیویەتی، بۆ لەكارلادانی حەلبوسی و گۆڕینی بە كەسایەتییەكی تری سونی، لایەنە سونەكان “بەرە”یەكیان پێكهێناوە، پاڵنەرەكەشیان وەكخۆیان دەڵێن، ئەوەیە كە حەلبووسی “تاكڕەوانە بڕیاردەدات و زۆرینەی ئەو پۆستانەی پشكی سونەكانن، داونی بە لایەنگرانی خۆی، بەبێ گەڕانەوە بۆ لایەنە سونییەكانی تر.”

ئەو بەرەیەی سونەكان، زۆرینەی پەرلەمانتارانی سونە كە ژمارەیان 35 پەرلەمانتارە لەخۆدەگرێت و پێكهاتوون لە ئەندامانی “بەرەی ڕزگاركردن و گەشەپێدان” بە سەرۆكایەتی ئوسامە نوجێفی، “پارتی ئیسلامیی عێراق” بە سەرۆكایەتی ڕەشید عەزاوی، “پرۆژەی عەرەبی” بە سەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر، قەوارەی “جەماهیر” كە ئەحمەد جبوری سەرۆكایەتی دەكات، لەگەڵ “قەوارەی عێراقیی سەربەخۆ”.
كێ پەرچەمی لادانی حەلبووسی-ی بەرزكردووەتەوە؟
ئوسامە نوجێفی، سەرۆكی پێشووتری پەرلەمان و سەرۆكی “بەرەی ڕزگاركردن و گەشەپێدان”، ڕابەرایەتی ئەو بەرەیەی سونەكان دەكات كە هەوڵ بۆ لەكارلادانی حەلبووسی دەكات، ئەوەش لەڕێگەی كۆكردنەوەی ئیمزای پەرلەمانتارانەوە، بۆ ئەوەی لەناو پەرلەمانەوە متمانە لە محەمەد حەلبووسی وەربگیرێتەوە.
لەوبارەیەوە، محەمەد خالدی، وتەبێژی بەرەی سونەكانی عێراق بە “تۆڕی میدیایی ئێستا”ی ڕاگەیاند، “بەرەكەمان لە جموجۆڵدایە لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكاندا بە مەبەستی گۆڕینی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان.”
ئاشكرایكرد، “بەرەكە لەم هەفتەیەدا لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكان و بە دیاییكراویش لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان دا كۆدەبێتەوە، گفتوگۆیان لەگەڵ دەكەین بۆ ئەوەی پشتیوانییان بەدەستبهێنین لەپێناو لابردنی حەلبووسی لە پۆستەكەی.”
“پەرلەمان مردووە”
وتەبێژەكەی لایەنە سونەكان، لە لێدوانەكەیدا بۆ “ئێستا” باسی لەوە كرد كە بەشێك لە شیعەكان-یان قالیكردووە پشتیوانیان بن، بەبێ ئەوەی ناوی هیچ لایەن و قەوارەیەكی شیعی بدركێنێت. ئەو دەڵێت، “پەرلەمان مردووە، بۆیە پێویستە چاكسازی تیادا بكرێت، بە تایبەت لەم قۆناغەدا كە باس لەوە دەكرێت هەندێك لایەن هەوڵدەدەن ساختەكاری بكەن لە هەڵبژاردنی پێشوەختەدا.”
“ئێستا” هەوڵی دا جێگرەوەی سونەكان بۆ حەلبووسی ئاشكرابكرێت و ناوی ئەو كەسە بخاتەڕوو، كە سونەكان دەیانەوێت بیكەن بە سەرۆكی داهاتووی پەرلەمان، بەڵام وتەبێژەكەیان هیچ نەدركاند و وتی، “هێشتا زووە بۆ ئەو بابەتە.”
لەو سۆنگەیەوە كە وتەبێژەكەی لایەنە سونەكان باسی لەوە كرد كە “بەشێك لە شیعەكان پشتیوانیانن”، هەندێك سەرچاوەش ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە كە پێدەچێت فراكسیۆنەكەی موقتەدا سەدر بچێتە پاڵ سونەكان بۆ لەكارلادانی حەلبووسی، “تۆڕی میدیایی ئێستا” گفتوگۆیكرد لەگەڵ ڕیاز مەسعودی، ئەندامی هاوپەیمانیی سائرون كە موقتەدا سەرۆكایەتی دەكات، ناوبراو دابەشكردنی پۆستەكانی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراقی بەوشێوەیەی ئێستا گەڕاندەوە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگیی نێوان پێكهاتەكان، كە لەو سۆنگەیەوە “پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ برایانی سونەیە، بۆیە هەر گۆڕانكارییەك ببێتە هۆی تێكدانی ئەو هاوسەنگییە، ئەوا وەك سائیرون پشتیوانی ناكەین.”
پەرلەمانتارەكەی سائیرون وتی، “بۆ گۆڕینی سەرۆكی پەرلەمان، پێویستە سێ مەرج هەبن، یەكەمیان كۆدەنگیی سونەكانە، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت 35 پەرلەمانتاری سونی داوای گۆڕینی سەرۆكی پەرلەمان بكەن، دووەم مەرج ئەوەیە كە دەبێت بابەتەكە یاسایی بێت و مەرجی سێیەمیش ئەوەیە كە گۆڕینی سەرۆكی پەرلەمان، نەبێتە هۆی پەكخستنی كاری پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی، چونكە سەقامگیریی سیاسی گرنگە.”
پەرلەمانتارەكەی سەدر: “سونەكان پێویستییان بە كورد و شیعە-یە”
لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ “ئێستا” ئەو پەرلەمانتارەی شیعەكان جەختیكردەوە كە پێشتر ڕەخنەی زۆریان لە حەلبوسی هەبووە، بەڵام ئێستا بە مەرج دەستبەرداری دەبن و وتی، “ئێمە یەكەم هێزی سیاسیین لە پەرلەمان تێبینی نەرێنییمان هەبووە لەبارەی كاری حەلبوسی یەوە، دواتر ئەو بەڵێنی دا چاكسازی بكات، بەڵام ئێستا لەگەڵ ویستی لایەنەكانی ترداین و گەر گۆڕانكارییەكە لەپێناو باشتردابێت، لەگەڵیدا دەبین، بەڵام گەر پرۆسەی سیاسی پەكبخات، یاخود لایەن و كەسی نەگونجاو بكات بە جێگرەوە، ئەوا پشتیوانی نابین، ئێمە لەگەڵ چاكسازی و باشكردنی پرۆسەی سیاسیداین، نەك خراپكردنی و زیانگەیاندن پێی. سەرباری ئەوەش، سونەكان بۆ سەركەوتنیان لە گۆڕینی سەرۆكی پەرلەمان دا، پێویستییان بە قایلكردنی برایانی كورد و بە شیعەیە.”
كورد فوو لە ئاگرەكەی ژێر حەلبووسی دەكات؟
بۆ زانینی بۆچوونی كورد لەبارەی ئەو هەوڵەی سونەكان لەپێناو لەكارلادانی محەمەد حەلبووسی و داخۆ تا چەند دەكرێت كورد پشتیوانیان بێت؟ “ئێستا” پەیوەندی بە ڕێزان شێخ دلێر، پەرلەمانتاری كورد لە بەغداد كرد، ناوبراو سەرباری ئەوەی بە دووری زانی كورد ببێتە بەشێك لەو سیناریۆیە، ڕایگەیاند، “لایەنە سونییەكان كێشەیان زۆرە لەناو خۆیاندا، بەڵام ئەوەش هەیە كە حەلبوسی بە گەندەڵییەوە تێوەگلاوە و زیاتر سەرقاڵی بەرژەوەندییەكانی خۆی و كەسانی دەوروبەری و پارێزگاكەی خۆی بووە.”
ڕێزان شێخ دلێر، ڕەخنەی ئەوە لە حەلبووسی دەگرێت كە تەنانەت وەك سەرۆكی پەرلەمان-یش تێبینی لەبارەوە هەیە و ڕەخنەی ئاڕاستە دەكرێت، بۆ ئەوەش بەراورد لەنێوان محەمەد حەلبووسی و سەلیم جبوری، سەرۆكی پێشووی پەرلەمان دا دەكات و دەڵێت، “سەلیم جبوری باشتر بوو، تەنانەت لە بەڕێوەبردنی دانیشتنەكانی پەرلەمان و شێوازی مامەڵەكردنی لەگەڵ پەرلەمانتاران و لایەنەكان دا باشتر و سەركەوتووتر بوو، توانیبووی سونەكانیش كۆبكاتەوە و تاڕادەیەك هاودەنگ ببن، بەڵام ئێستا حەلبووسی سونەكانیشی دابەشكردووە.”
لەكارلادانی حەلبووسی و پەیوەندیی بە پۆستەكانی بەرهەم ساڵح و بەشیر حەداد-ەوە
لە وەڵامی ئەو پرسیارە دا كە لەكاتی گفتوگۆكردنی سونەكان لەگەڵ كورد و بە دیاریكراوی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە مەبەستی بەدەستهێنانی پشتیوانی بۆ پرسی لابردنی حەلبووسی، تا چەند كورد و بەتایبەت یەكێتی پشتیوان و هاوكاریان دەبن؟ ڕێزان شێخ دلێر وتی، “پێموانییە كورد بچێتە ئەو ململانێیەوە، چونكە ڕەنگە گەر كورد ببێتە بەشێك لەم بابەتە، دواتر لایەنەكانی تریش داوای گۆڕینی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بكەن كە یەكێك لە جێگرەكانی سەرۆكی پەرلەمان كورد-ە، تەنانەت دوور نییە داوای گۆڕینی سەرۆكایەتیی كۆمار-یش بكەن، بۆیە كورد نابێت بە بەشێك لەو كێشمەكێشە.”
بە بڕوای ئەو پەرلەمانتارە كوردە، ئەستەمە هەوڵەكانی لابردنی حەلبوسی لە پۆستەكەی سەربگرن و دەڵێت، “پێشبینی دەكەم وەك چۆن لە خوولی پێشووی پەرلەمان و لە سەروبەندی پێكهێنانی “بەرەی چاكسازی”دا، هەوڵەكان بۆ لابردنی سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكانی سەركەوتوو نەبوون، وای بۆ دەچم ئەمجارەش هەوڵەكانی لابردن و گۆڕینی حەلبووسی سەرنەگرن.”

 

بابەتی پێشتر

نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا لە هەڵەبجە توانای وەرگرتنی نەخۆشیی تریان نییە

بابەتی دواتر

مێژووى بومەلەرزەکانى تورکیا و مەترسییەکانى بۆ سەر هەرێمى کوردستان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share