عەلی حەمەساڵح: داهاتی ناوخۆ كێشەی مووچەی دروستكردووە، نەك 200 ملیارەكە

عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، داهاتی مانگی تشرینی دووەمی هەرێمی ‏کوردستانی بۆ مووچە بەراورد بە مانگی شوباتی ئەمساڵ خستەڕوو، ڕایگەیاند، کێشەی ‏مووچە نەناردنی 200 ملیارەکە نییە، بەڵکو دەستبەسەرداگرتنی داهاتی ناوخۆ و ‏نەگەڕاندنەوەیەتی.‏

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا عەلی حەمە ساڵح ڕایگەیاند، ئەوەی تائێستا دابەشکراوە بۆ ‏مووچە 535 ملیار دینارە، کە نزیکەی 515 ملیاری داهاتی نەوتە (350 ملیۆن دۆلار)، ‏لەهەر بەرمیلێک 27 دۆلار گەڕاوەتەوە بۆ دابەشکردنی مووچە، داهاتی ناوخۆش هیچی ‏نەگەڕاوەتەوە.‏

وتیشی، 15ی مانگی کانوونی یەکەمە و هێشتا داهاتی ناوخۆی مانگی تشرینی دووەمی ‏هەولێر، سلیمانی و دهۆک نەگەڕێنراوەتەوە بۆ دابەشکردنی مووچە، “کوێی ڕەوایە ئەگەر ‏سلێمانی داهات نەنێرێتەوە، هەولێر و دهۆکیش بڵێین نایگەڕێنینەوە، بەهەموویان میللەت ‏سزادەدەن”.‏

عەلی حەمەساڵح داهاتی مانگی تشرینی دووەمی بە مانگی شوباتی ئەمساڵ بەراورد ‏کردووە، “لە 24ی شوبات 374 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ دراوە بە مووچە، بەڵام لە ‏مانگی تشرینی دووەم، دوای 45 ڕۆژ، کەمتر لە 20 ملیار دینار گەڕێنراوەتەوە”.‏

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، “لە مانگی شوباتدا داهاتی ناوخۆی سلێمانی بۆ مووچە 161 ‏ملیار دینار بووە، بەڵام ئێستا سفرە، داهاتی هەمان مانگی هەولێر و دهۆک 213 ملیار ‏دینار بووە، بەڵام بۆ ئێستا کەمترە لە 20 ملیار دینار”.‏

بۆیە عەلی حەمەساڵح جەختیکردەوە، “ئەوەی هۆکارە لە دابەشنەکردنی مووچە ئەو 374 ‏ملیار دینارەیە کە داهاتی ناوخۆ بووە بۆ مووچە، بەڵام ئێستا کە لە 15ی مانگداین، داهاتی ‏ناوخۆ بۆ مووچە سفرە و نەگەڕێنراوەتەوە”.‏

بۆیە دوودڵ نەبوو لەوەی بڵێت، “ئەمە دوو ئیدارەییەکی تەواوە”.‏

عەلی حەمەساڵح دۆخەكەی وا وەسفكرد، كە “ئەمە یان دەستبەسەرداگرتنی داهاتە، یان ‏موماتەڵەکردنە بۆ دواخستنی مووچە تا 25ی مانگ و دواتر لەگەڵ ئەم مانگەدا لە ‏یەکبدرێت و بەداهاتی نەوتی مانگی كانوونی دووەم مووچە تەواوبکرێت”.‏

بۆیە داوایکرد فشاری جددی و توند بکرێت، بۆئەوەی داهات بگەڕێنرێتەوە و هەموو ‏شتێک نەبەسترێتەوە بە 200 ملیارەکەی بەغدادەوە، بەو پێیەی “بە 374 ملیار دیناری ‏ناوخۆ و هەر بەرمیلێک نەوت 27 دۆلار، کە تەنها بۆ مووچەن، دەتوانرێت بەبێ کێشە ‏مووچەی فەرمانبەران دابەشبکرێت”.‏

بابەتی پێشتر

وەزارەتی دارایی بڕیاری لەسەر پێکهێنانی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی سندوقی خانەنشینی دا

بابەتی دواتر

لیستێكی نوێی مووچە بڵاوكرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share