لە هەولێر، دوو كارگوزار، دەیان لاپتۆپی بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان دەدزن و لە بازاڕدا دەیانفرۆشنەوە، پۆلیس هەردوو كارگوزارەكە و كەسێكی دیكەی دەستگیركردووە.
هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بەتۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ڕۆژی هەینیی ڕابردوو لەلایەن بەرپرسی ئەمنیی بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە هەولێر ئاگادارکراونەتەوە لە بوونی حاڵەتی دزیکردن لەناو كۆگاكەیان، دەرکەوتووە چەند لاپتۆپێكی بارەگانەی نەتەوە یەكگرتووەكان دزراون.
بەوتەی وتەبێژی پۆلیسی هەولێر، دوو کارگوزاری بارەگاکە ئەو لاپتۆپانەیان دزیوە، كە ژمارەیان 47 دانەیە و دزییەكە بە چەند جارێك كراوە، لەڕێگەی كامێراكانی چاودێرییەوە پۆلیس بۆیدەركەوتووە كە دزییەكە لەلایەن كارگوزارەكانەوە ئەنجامدراوە.
پۆلیس دەڵێت، کارگوزارەكان لەڕێگەی حاویەی خۆڵ و خاشاكەوە لاپتۆپەکانیان شاردووەتەوە و دواتر بردوویانەتە دەرەوەی بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان، پاشان لە بازاڕ فرۆشتوویانە بە کەسێک.
لەسەر ئەو كەیسە، سێ كەس لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە دەستگیركراون، كە دووانیان كارگوزارەكانن.