سێرجیۆ ڕامۆس جەختیكردەوە، كە گیانی خۆی دەبەخشێت لە پێناو پاریس سان جێرمان، تا سەركەوتن بەسەر ڕیاڵ مەدرید بەدەستبهێنن.
دوای ئەوەی پاریس سان جێرمان لە تیروپشكی چامپیۆنز لیگدا ڕووبەڕووی ڕیاڵ مەدرید بووەوە، سێرجیۆ ڕامۆس-ی ئیسپانی لە چاوپێكەوتنێكدا ئاماژەی بەوەدا، كە ئەو ئێستا پشتگیری پڕۆژەكەی پاریس دەكات و گرنگی بە یانەكەی پێشووی نادات.
وتیشی، “لەپێناو پاریس گیانی خۆم دادەنێم لەناو سانتیاگۆ بێرنابیۆ تا بردنەوە بەدەستبهێنین”.
ڕامۆس ئاشكرایكرد، كە پێش تیروپشكەكە خوازیار بووە ڕووبەڕووی ڕیاڵ مەدرید نەبنەوە، بەڵام ئێستا ناچارە بەرگری لە درێسی پاریس بكات.
ڕامۆس بە درێژایی ئەم وەرزە لەسەر كورسیی یەدەگ بووە و بەهۆی پێكانەوە تەنها بەشداریی یەك یاریی كردووە.
بڕیارە یاریی چوونی قۆناغی شازدەی چامپیۆنز لیگ لە 15 و 16 و 22 و 23ی شوباتی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت، یاریی گەڕانەوەی هەمان قۆناغیش لە 8 و 9 و 15 و 16ی ئازار ئەنجام دەدرێت.