لیرەی توركی ئاستێكی دیكەی پێوانەیی لە لەدەستدانی بەهاكەی تۆماركرد و 1 دۆلار گەیشتە نزیكەی 15 لیرە، ئەمجارە دابەزینەكە دوای لێدوانی ئەردۆغان نەبوو، بەڵكو پێش لێدوانێكی چاوەڕوانكراوی بوو.
ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ دەستپێكی مامەڵەی بازاڕی دراو لە توركیا، نرخی لیرە زیاتر دابەزی و 14.99 لیرە بەرامبەر بە 1 دۆلار مامەڵەی پێوەكرا، كە ئەوە ئاستێكی پێوانەیی نوێیە دراوە توركییەكە لە مێژوویدا تۆماریبكات، بەڵام دواتر كەمێك بەرزبوونەوەی تۆماركرد بۆ خوار 14.50.
بەردەوامیی دابەزینی لیرەی توركی لەكاتێكدایە، لە ماوەی دوو هەفتەدا بانكی ناوەندیی وڵاتەكە سێ جار دەستوەردانی كردووە بۆ جێگیركردنی نرخی لیرە بەرامبەر بە دراوە بیانییەكان، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە بەتەواوەتی دابەزینی نرخەكەی ڕابگرێت.
لە ماوەی ڕابردوودا دوای هەر لێدوانێكی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، نرخی لیرە دادەبەزی، بەڵام دابەزینە پێوانەییەكەی ئەمجارە پێش لێدوانێكی چاوەڕوانكراوی ئەردۆغان دێت، كە بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە پێشكەشیبكات.
لیرەی توركی بەراورد بە كۆتایی ساڵی ڕابردوو نزیكەی 50%ی نرخی لەدەستداوە.