حەماس لەسەر خاكی توركیا سیخوڕی دەكات و ئەنكەرە تووڕەیە

“بزووتنەوەی حەماس”ی فەڵەستینی لەسەر خاكی توركیا سیخوڕی و كاری هەواڵگیریی كردووە و ئەوەش حكومەتی ئەو وڵاتەی تووڕە كردووە.

ڕۆژنامەی “تایمز” لە بەدواداچوونێكدا ئاشكرایكردووە، حكومەتی توركیا بەنیازە سەركردەكانی “بزووتنەوەی حەماس” بخاتە بەردەم پرساندن و ئەو پرسیارانەیان ئاڕاستە بكات كە چۆن بزووتنەوەكە، یەكەیەكی هەواڵگیریی نهێنی لە ئیستانبوڵ پێكهێناوە بۆ ئەوەی لەوێوە بەشێوەی ئەلیكترۆنی سیخوڕی بەسەر دوژمنەكانییەوە بكات.
ڕۆژنامەكە ئەو زانیارییانەی بە ورد و بەڵگەنەویست و دڵنیاكەرەوە ناوزەد كردووە، ئاشكراشیكردووە كە چەند ئەندامێكی حەماس كە لە هەمان یەكەی هەواڵگیریدا كاردەكەن، لە توركیا لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ ئەندامێكی حەماس بە ناوی محەمەد حسێن كردووە، بەبێ ئەوەی ڕاوێژ بە حكومەتی توركیا بكەن یاخود ئاگاداری بكەنەوە.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی خراونەتەڕوو، لە كاردانەوەی ئەو كارانەی حەماس دا، حكومەتی توركیا بە نیازە ڕێگە بە هیچ فەڵەستینییەكی ئەندام لە “بزووتنەوەی حەماس” نەدات ئازادانە لە توركیا دا هاتوچۆ بكات، تەنانەت هێزە ئەمنییەكانی توركیا فشار دەخەنە سەر ئەندامانی حەماس و چاودێرییان دەكەن.
بڵاوكردنەوەی ئەم زانیارییانە دوای ئەوە دێن كە چەندین ساڵە پەیوەندی نێوان حەماس و حكومەتی توركیا بە تایبەت ئەردۆغان و پارتەكەی، لە ئاستێكی بەرزی دۆستایەتی و هاوئاهەنگییدایە، بە تایبەتیتر پەیوەندی نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆككۆماری توركیا و ئیسماعیل هەنییە سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە فەڵەستین.

 

بابەتی پێشتر

شابەندەر: بردنەوەی بایدن عێراق و ئێران دەگۆڕێت

بابەتی دواتر

ئێران لەنێوان بەرداشى چین و ئەمریکادا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share