ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی ئەمساڵ لەسەر ئاستی جیهاندا دەستبەسەركراون، گەیشتووەتە ئاستێكی بێپێشینە و 293 ڕۆژنامەنووسن، بەپێی (لیژنەی بەرگری لە ڕۆژنامەنوسان) كە بارەگاكەی لە نیویۆركە، چواریەكی ئەو ژمارەیە لە چین و میانمار بوون.
لە ڕاپۆرتی ساڵانەیدا لیژنەی بەرگری لە ڕۆژنامەنووسان دەڵێت، 50 ڕۆژنامەنووس لە چین، 26 لە میانمار، 25 لە میسر، 23 لە ڤێتنام و 19 لە بیلاڕوسیا دەستبەسەرن.
لەگەڵ ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە (سعودیە، ئێران، توركیا، ڕوسیا، ئەسیوپیا و ئەریتریا) دەستبەسەركراون، كۆی ژمارەیان دەگاتە 293 ڕۆژنامەنووسی دەستبەسەركراو لە جیهاندا، بەراورد بە 280 ڕۆژنامەنووس لە ساڵی ڕابردوودا.
”بۆ ساڵی شەشەمە لەسەریەك لیژنەی بەرگری لە ڕۆژنامەنووسان ژمارەی پێوانەیی ڕۆژنامەنووسانی دەستگیركراو لە جیهاندا تۆماردەكات”، بەپێی گول سایمۆن، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری لیژنەكە.
سایمۆن لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، “بەندكردنی ڕۆژنامەنووسان بەهۆی ئامادەكردنی ڕاپۆرتە هەواڵ، ئەو جیاوازییەیە كە ڕژێمێكی سەركوتكاری پێ جیادەكرێتەوە”.
لیژنەی بەرگری لە ڕۆژنامەنووسان ماوەی 40 ساڵە ئیدانەی ئەو كارانە دەكات كە ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووسان دەبێتەوە لە كوشتن، بەندكردن، چاودێری، ئەشكەنجەی جەستەیی و هەڕەشە.
لیژنەكە كوژرانی 24 ڕۆژنامەنووسی لەمساڵدا لەسەر ئاستی جیهان تۆماركردووە.
تائێستا مەكسیك، “خوێناویترین وڵاتە لە نیوەی ڕۆژئاوای گۆی زەوی سەبارەت بە ڕۆژنامەنووسان، لەگەڵ كوژرانی سێ ڕۆژنامەنووس بەهۆی ڕاپۆرتەكانیان، لەكاتێكدا لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن بۆ زانینی پاڵنەرەكانی كوشتنی شەشی دیكە، وەك ئەوەی لیژنەكە دەیڵێت.
ئاماژەشدەدات، ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی دەستبەسەركراو ڕەنگدانەوەی “زیادبوونی لێخۆشنەبوونە بەرامبەر ڕاپۆرتە سەربەخۆكان لە سەرتاسەری جیهان”.
لە كۆتاییشدا تیشك دەخاتەسەر كۆتوبەند لەسەر ئەو ژینگەیەی ڕۆژنامەنووسان لە جیهاندا كاری تیادەكەن، لەوانەش ئەو یاسایانەی بۆ بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان بەكاردەهێنرێت لە هۆنگ كۆنگ و شینجیانگ و، كودەتاكەی میانمار، جەنگ لە باكووری ئەسیوپیا و سەركەوتكردنی بەرهەڵستكاران لە بیلاڕوسیا.