قوباد تاڵهبانى و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەدوم کۆبوونەوە و جەختیان لە گرنگیی دەستپێکردنی گفتۆگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کردەوە لەسەر بنەمای بنیادنانی سیاسەتێكی حوكمڕانیی گونجاو و هاوبەشی لە بڕیاردان و ئەنجامدانی چاكسازیی ڕاستەقینە.
ئەمڕۆ سێشەممە لە هەولێر، قوباد تاڵەبانی پێشوازیکرد لە محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەدوم و شاندی یاوەری، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە تاوتوێكران.
بهپێی ڕاگهیهندراوى كۆبوونهوهكه، “ھەردوولا جەختیان لە گرنگیی دەستپێکردنی گفتوگۆکانی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتى نوێى عێراق كردەوە و ھاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە گفتوگۆكان لەسەر بنەمای بنیادنانی سیاسەتێكی حوكمڕانیی گونجاو و هاوبەشی هەموو پێکهاتەکان لە بڕیاردان بێت و ئەنجامدانی چاكسازیی ڕاستەقینە” .
لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی کورد بە یەکڕیزی بەشداربن لە گفتوگۆ و دانوستاندنەکان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی تردا.
لە تەوەرێکی تری ئەو کۆبوونەوەیەدا هەڕەشەکانی تێرۆر خرانەبەر باس بەتایبەت هێرشەکانی ڕۆژانی ڕابردووی داعش بۆ سەر سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە و شەهید و بریندارکردنی ژمارەیەک پێشمەرگە و هاوڵاتی، بەو بۆنەیەوە محەمەد حەلبوسی پرسە و سەرەخۆشی لە گەلی کورد کرد، هەر لەوبارەیەوە جەختکرایەوە لەسەر پێویستیی داڕشتنەوەى پلانی ئەمنیی ئەو ناوچانە بەجۆرێک زامنی ئەوە بکات کە بۆشایی ئەمنی نەهێڵێت.