میدیایی فەرمیی سوریا لەزاری سەرچاوەیەکی سەربازیی وڵاتەکەیەوە ڕایگەیاند، ئیسرائیل بە موشەک مەیدانی کۆنتێنەرە بازرگانییەکانی بەندەری لازقیەی بۆردومان کردووە.
ئەو سەرچاوە سەربازییە سوریا کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە بە ئاژانسی سانای فەرمیی سوریای وتووە، هێرشەکە لەکاتژمێر 1:23 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەکاتی دیمەشق ئەنجامدراوە، ژمارەیەک موشەک لەلایەن ئیسرائیلەوە ئاراستەی مەیدانی کۆنتێنەرەکانی بەندەری بازرگانیی لازقیە کراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە کە لەئەنجامی هێرشەکە ژمارەیەک لە کۆنتێنەرەکانی ئەو بەندەرە سوتاون، بەڵام هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە.
لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئیسرائیل سەدان هێرشی بۆسەر سوریا ئەنجامداوە و لەزۆرینەی هێرشەکانیدا سیستمی سوپای ئەو وڵاتە و بەتایبەت گروپەکانی سەربە ئێران و حزبوڵای لوبنانی کردووەتە ئامانج.