ڕۆژی جیهانیی ئایدز.. هەرێمی كوردستان 40 حاڵەتی تێدایە

ڕۆژی 1ـی كانونی یەكەم، بە ڕۆژی جیهانیی ئایدز لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ‏دیاریکراوە، هەرێمی کوردستان تائێستا 40 حاڵەتی ئایدزی ناوخۆیی هەیە، لەکاتێکدا ‏لەمساڵدا بە کەسانی بیانی و ناوخۆییەوە 69 حاڵەت تۆماركراون. ‏

دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە ‏‏1/12/2021 لە ڕۆژی جیهانیی ئایدزدا ڕایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان بەهۆی ‏دابونەریت و کلتورەوە هەندێک لە ڕێگا مەترسیدارەکانی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لە ‏هەرێمی کوردستان بوونیان نییە، یاخود کەمن، ئەوانیش سێکس، بەکارهێنانی دەرزی و ‏سرنجی کەسانی دیکە بۆ ماددە هۆشبەرەکان، یان بەکارهێنانی دەرزی و سرنجی کەسانی ‏دیکە بۆ تاتووکردن.‏

وەزیری تەندروستی دەڵێت، تیمەکانی تەندروستی بە بەردەوامی پشکنینەکان بۆ دۆزینەوە ‏و دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە ئەنجامدەدەن، سەرەڕای ئەنجامدانی پشکنین بۆ ئەو ‏حاڵەتانەی پێویستن، وەک ئەو کەسانەی خوێن دەبەخشن، ئەوانەی هاوسەرگیری دەکەن، ‏ئەوانەی نەشتەرگەری یان هەناوبینییان بۆ ئەنجامدەدرێت، یان ئەوانەی لە گەشتەکاندا دێنە ‏هەرێمی کوردستان و داوای مۆڵەتی مانەوە دەکەن.‏

بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی وەزارەتی تەندروستی، تائێستا لە هەرێمی کوردستان 40 ‏هاوڵاتیی ناوخۆ تووشی ڤایرۆسی ‏HIV‏ بوون کە دەبێتە هۆی نەخۆشیی ئایدز، سەرجەمیان ‏پێناسی تایبەتیان هەیە و لەژێر چاودێریی تایبەتی تەندروستیدان. ‏

تەنها لە ساڵی 2021دا لە هەرێمی کوردستان 318 هەزار پشکنین بۆ نەخۆشییەکە کراوە ‏و 69 حاڵەتی نەخۆشییەکە تۆمارکراوە، لەو ژمارەیە 11 حاڵەتیان هاوڵاتیی هەرێمی ‏کوردستانن و ئەوانەی دیكە هاوڵاتیی دەرەوە بوون.‏

نەخۆشیی ئایدز دەبێتە هۆی نەمانی بەرگریی جەستە و هۆکارەکەی ڤایرۆسی ‏HIVیە، لە ‏ساڵی 1988ــەوە نەتەوە یەکگرتووەکان 1ی کانونی یەکەمی وەک ڕۆژی جیهانیی ئایدز ‏دیاریکردووە، ئێستا لە سەرتاسەری جیهان 37.7 ملیۆن تووشبووی نەخۆشیی ئایدز هەن ‏و زیاتر لە 36 ملیۆن کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.‏

تەنها لە ساڵی 2020ـدا 68 هەزار کەس بەهۆی ئایدزەوە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ‏‏1.5 ملیۆن کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون.‏

نەخۆشییەکە بۆ ماوەی 10 تاوەکو 15 ساڵ لە کەسی تووشبوودا بەبێ دەرکەوتنی هیچ ‏نیشانەیەک دەمێنێتەوە، بەڵام توانای گواستنەوەی بۆ کەسانی دیکە دەبێت، کار لەسەر ‏لاوازکردنی سیستمی بەرگریی جەستەی کەسی تووشبوو دەکات.‏

نەخۆشییەكە بۆ یەکەمجار لە ناوەڕاستی ئەفریقا دۆزرایەوە و سەرچاوەی ڤایرۆسەکە ‏جۆرێکی مەیمونی چامپانزییە.‏

بابەتی پێشتر

هێڵی ئاسمانیی عێراق سوپاسی كچه‌ فڕۆكه‌وانێكى سلێمانى ده‌كات

بابەتی دواتر

بریکاری وەزیر و بەرپرسانی تەندروستیی سلێمانی كۆبوونەوەكانی وەزارەت بایكۆتدەكەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share