تۆماس مۆلەری یاریزانی بایرن میونشن بێزاری خۆی پیشاندا لە بەخشینی تۆپی ئاڵتون بە لیۆنێل مێسی-ی ئەرجەنتینی و بێبەشكردنی لیڤاندۆڤیسكی.
لە دەنگدانی تایبەت بە تۆپی ئاڵتونی، ڕۆبێرت لیڤاندۆڤیسكی-ی هێرشبەری بایرن میونشن بە جیاوازیی 33 خاڵ كەوتە دوای لیۆنێل مێسی-ی هێرشبەری پاریس سان جێرمان و تۆپە ئاڵتونییەكەی لەدەستدا، تۆماس مۆلەر-ی ئەڵمانی توڕەكردووە و پێیوایە “لیڤا” شایستەی خەڵاتەكە بووە.
مۆلەر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نووسیویەتی، “بە بۆچوونی ئەوانەی لایەنگری بایرن و ئەڵمانیا و پۆڵەندان، لیڤا شایستەی تۆپە ئاڵتونییەكە بوو”.
مۆلەر دەشڵێت، ئەوەی ڕویدا ناچاریان دەكات كۆششی زیاتر بكەن بۆ ئەوەی چامپیۆنز لیگ بگەڕێننەوە بۆ میونشن و یەكەم هەنگاویش لە یارییەكەی ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو بەرامبەر بەرشلۆنە دەستپێدەكات.
مۆلەر لەبارەی یارییەكەوە نووسیویەتی، “هەلێك لەبەردەمماندایە ڕۆژی چوارشەممە بەشێوەیەكی گونجاو مامەڵە لەگەڵ یارییەكە بكەین”.