په‌رله‌مانتارێكى یه‌كێتى: مانگانه‌ 300 ملیار دینار له‌ مووچه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ و زیاده‌كه‌ى دیار نیه‌

په‌رله‌مانتارێكى یه‌كێتى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ناهه‌قیه‌كى گه‌وره‌ به‌رامبه‌ر سلێمانى ده‌كرێت، ده‌شڵێت، پێشتر نەوت بە كەمتر له‌ 20 دۆلار ده‌فرۆشرا مانگانه‌ 350 ملیۆن دۆلار ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ خه‌زێنه‌ى حكومه‌ت، ئێستاش كه‌ نرخى نه‌وت 70 دۆلاره‌ هه‌مان بڕه‌پاره‌ ده‌چێته‌وه‌ خه‌زێنه‌ى وه‌زاره‌تى دارایی و زیاده‌كه‌شی دیار نیه‌.

سه‌ركۆ ئازاد گه‌ڵاڵی، په‌رله‌مانتارى یه‌كێتى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، له‌ نووسینێكدا كه‌ له‌ هه‌ژمارى خۆی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت، “ئەم حكومەت فێری ڕاو ڕووت بووە و لە بیانو دەگەڕێت، بە تەنها كۆمپانیاكانی پارتی مانگانە هێنده‌ى نیوەی هاوڵاتییانی هەرێم پارەیان دەستدەكەوێت لە داهاتی نەوت كە نزیكەی 300 ملیار دینارە، جگە لەو پارەیەی لە قاچاخچێتی لە خاڵە سنوورییەكانی حاجی ئۆمەران و ئیبراهیم خەلیل و دەروازەی وەلید دەستیان دەكەوێت و بەڕۆژی ڕووناك دەیخۆن”.

ئاشكراشیكردووه‌، پێشتر كه‌ نرخى نه‌وت به‌ كه‌متر له‌ 20 دۆلار ده‌فرۆشرا، مانگانە 350 ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوت دەگه‌ڕایه‌وه‌ وەزارەتی درایی، كه‌چی ئێستا نەوت به‌ 70 دۆلارە هه‌ر ئه‌و بڕه‌پاره‌ ده‌درێته‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ و زیاده‌كه‌شی دیار نیه‌.

‎ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ده‌شپرسێت، ئەو پارە زۆرەی كە دەمێنێتەوە لە مووچە كە زیاتره‌ له‌ 300 ملیار دینار چی لێدەكرێت؟.

له‌ به‌شێكى دیكه‌ى نوسینه‌كه‌یدا هاتووه‌، حكومەتی هەرێم بەپێی ئەو داتایانەی خۆیان بڵاوی دەكەنەوە مانگانە 430 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت و ئەو داهاتەی دەگەڕێتەوە خەزێنەی حكومەت 700 ملیار دینارە، داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنووریەكانیش 300 ملیار دینار، هاوكاری هاوپەیمانان 20 ملیار، كەواتە حكومەت مانگانە بێ پارەكەی بەغداد كە 200 ملیار دینارە، زیاتر لە یەك تریلۆن دینار داهاتیەتی.

هه‌ر به‌وته‌ى ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى یه‌كێتى دابەشكردنی مووچە پێویستی به‌ تەنها 900 ملیار دینارە، به‌وه‌ش “حكومەت ئەگەر لە بیانو نەبێت دەتوانێت هەموو مانگێك بێ پارەكەی بەغدادیش مووچە بە تەواوی دابەش بكات و 300 ملیار دیناری زیادەشى بۆ ده‌مێنێته‌وه‌”.

له‌ كۆتایی نوسینه‌كه‌یدا سه‌ركۆ ئازاد ده‌شپرسێت پێم ناڵێن داهاتی حاجی ئۆمەران و ئیبراهیم خەلیل و دەروازەی وەلید چەندە و دەچێتە گیرفانی كێوە؟

بابەتی پێشتر

بە گرافیك.. كورسیی لایەنەكان بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن

بابەتی دواتر

لە ڕووداوێكی هاتوچۆدا لە گەرمیان شۆفێرێك گیانیلەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share