ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی گۆڕان و ئۆپۆزسیۆن واژوویان كۆكردووەتەوە بۆ بانگهێشتكردنی بەرپرسانی حكومەت لەبارەی توندوتیژییەكانی خۆپیشاندانی خوێندكاران، بەڵام لەبری داواكاریی بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەت، داوای بانگهێشتی جێگری سەرۆكی حكومەتیان كردووە.
20 پەرلەمانتاری پەرلەمانی كوردستان، كە لە فراكسیۆنەكانی گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ، نەوەی نوێ و ژمارەیەك لە سەربەخۆكان پێكهاتوون، نووسراوێكیان ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كردووە، بۆ ئەوەی لە نزیكترین دانیشتنی پەرلەماندا گفتوگۆ لەبارەی توندوتیژی و پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ بكەن لە خۆپیشاندانی خوێندكاراندا.
بەڵام ئەو پەرلەمانتارانە لە بری داواكردن بۆ بانگهێشتكردنی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و وەزیری ناوخۆ، داوایانكردووە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمیان كردووە.
داواكاریی ئەو پەرلەمانتارانە بۆ ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی لە پەرلەمان لەكاتێكدایە، جێگری سەرۆكی حكومەت لە وتارێكیدا داوای لێبووردنی لە خوێندكاران كرد و ڕەخنەی ئەوەی لە حكومەت و پەرلەمان گرت، كە لە پرسی “سووكایەتیكردن بە ئاڵای كوردستان” كەوتوونەتە هەڵەوە.