ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی ڕێكخراو و ناوەندە جیهانییەكان دەداتەوە، ڕایدەگەیەنێت، ئهو خوێندكارانهى كه له چهند ڕۆژى ڕابردوو له ناوچه جیاوازهكانى ههرێم خۆپیشاندانیان ئهنجامدا، مۆڵهتى فهرمییان نهبووه، دەشڵێت، حکومەت پشتگیریی لە گشت داوا ڕەواکانی هاوڵاتییان دەکات.
د.دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان له ڕاگهیهندراوێكدا ئاماژهى بهوهكردووه، حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتگیری لە داواکانی قوتابیان دەکات بەشێوەیەکی هێمنانە و دوور لە توندوتیژی بێت.
زێبارى ڕاشیگەیاندووە، حکومەتی هەرێم پشتگیریی لە گشت داوا ڕەواکانی هاوڵاتییان دەکات، بهڵام لە هەرێمی کوردستان یاسایەکی تایبەت بە خۆپیشاندان هەیە و پێویستە پێشتر مۆڵەت وەربگیرێت و دەزگا ئەمنییەکانیش لەلایەن خۆیانەوە ئەرکی پاراستنی خۆپیشاندەران و ماڵ و موڵکی گشتی له ئەستۆ دەگرن لەکاتی ئەنجامدانی خۆپیشانداندا، خۆپیشاندانى خوێندكارانیش پێشتر لایەنە پەیوەندیدارەکانیان لە ناڕەزایەتییەکانیان ئاگادار کردووهتهوه، بەڵام مۆڵەتی فەرمییان نەبووه.
ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەر لە وەڵامەكەیدا بۆ ناوەندە جیهانییەكان دەڵێت، لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکان زیان بەر بەشێک لە ماڵ و موڵکی گشتی و بارەگای حزبەکان کەوتووە و هەندێک شوێن سووتاون و هیچ قوربانییەکی گیانی نەبووە، بەڵام چەند کەسێک بریندار بوون لە کارمەندانی پۆلیس و خۆپیشاندەران و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە.
زێباری سەبارەت بە ڕێكاری لایەنە ئەمنییەکان و هەڵوێستیان بەرامبەر بە خۆپیشاندەران نووسیویەتی، لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەستاون کە بریتییە لە پاراستنی ئارامیی خۆپیشاندانەکان و پشتیوانیکردن لە داوا ڕەواکانیان بەشێوەیەکی مەدەنی، لەلایەکی دیکەوە زانکۆ و دامەزراوە فەرمییەکان پشتیوانی لە داوای قوتابیان دەکەن و داوا دەکەن کە خۆپیشاندەران بەشێوەیەکی ئاشتییانە گوزارشت لە داواکانیان بکەن و هیچ لایەک پەنا نەبەنە بەر توندوتیژی.
بەردەوام د.دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی هەر بابەتێكی تایبەت بە هەرێمی كوردستان كە لە میدیا و ناوەندە جیهانییەكان دەبێتە ڕۆژەڤ، وەڵامدانەوەی هەیە و زۆرجار بەرگریی لە ئاراستەی كاری حكومەت و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان كردووە و وەڵامی ڕەخنەكانی داوەتەوە.