پسپۆڕانی بەریتانیا دەڵێن، ڤاكسینە فەرەنسییەكە ڕەنگە بتوانێت ڕووبەڕووی گۆڕاوە نوێیەكەی كۆرۆنا ببێتەوە و ڕێگربێت لە تووشبوون بەو جۆرەی كۆرۆنا.
زانیارییەكان ڕۆژنامەی دەیلی مەیڵ بڵاویكردوونەتەوە، پسپۆڕان بە ڕۆژنامەكەیان ڕاگەیاندووە كە ڤاكسینی “ڤالنێڤا”ی فەرەنسی تایبەتمەندیی ئەوتۆی هەیە كە لە ڤاكسینەكانی تری دژەكۆرۆنا جیایدەكەنەوە، ئەوەش پێدەچێت وابكات كە ڤاكسینە فەرەنسییەكە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕاوی نوێی كۆرۆنا “ئۆمیكرۆن”ی هەبێت.
ڤاكسینی ڤالنێڤا جیاوازییەكەی لەوەدایە كە ڤایرۆسێكی كۆرۆنای لەكارخراوی تیادایە، ڤایرۆسەكە مرۆڤ تووشناكات، بەپێچەوانەوە لە تووشبوون بە كۆرۆنا دەیپارێزێت، ئەوەش لەڕێگەی ئاشناكردنی سیستمی بەرگریی جەستە بە هەڕەشەی ڤایرۆسەكە، دواتر سیستمی بەرگری دژەتەن دروستدەكات و یارمەتی جەستە دەدات لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكەدا.
زانایان دەڵێن، “لەبەر ئەوەی ڤاكسینی ڤالنێڤا بڕێكی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنای تیادایە، بۆیە چاوەڕواندەكرێت توانای ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕاوەكانی كۆڤید- 19ی زیاتربێت، چونكە جۆرەكانی تری ڤاكسین لەتی جینیی ڤایرۆسەكەیان تیادان، بەڵام ڤالنێڤای فەرەنسی ڤایرۆسێكی تەواوی كۆڤید- 19 لەخۆدەگرێت”.
هاوكاتی ئەم هەواڵە كۆمپانیای “فایزەر”ی ئەمریكی ڕایگەیاند، هەوڵدەدات لەماوەی شەش هەفتەدا پەرە بە ڤاكسینی فایزەر بدات، بەجۆرێك كە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی “ئۆمیكرۆن”ی هەبێت و لە سێ مانگی داهاتوودا ئامادەببێت بۆ بەكارهێنان.