نێچیرڤان بارزانی لە فراوانبوون و بەردەوامیی هێرشەكانی داعش نیگەرانە و بە پەیامی ترسناك و هەڕەشەی ڕاستەقینە وەسفیدەكات، داوای هاریكاری و هەماهەنگیی زیاتر و بەپەلەی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دەكات.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی لەبارەی هێرشەكەی شەوی ڕابردووی داعش بڵاوكردەوە، كە بووە هۆی شەهیدبوونی پێنج پێشمەرگە و برینداربوونی چواری دیكە، سەرەخۆشی لە خانەوادەی پێشمەرگەكان كردووە و هیوای زوو چاكبوونەوەی بۆ بریندارەكان خواستووە.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان هۆشداری دەدات لەوەی “فراوانبوون و بەردەوامیی پەلامار و هێرشەكانی داعش، پەیامی جددیی ترسناكن و هەڕەشە و مەترسییەكی ڕاستەقینە لە ناوچەكە دەهێنێتەوە ئاراوە، بۆیە هاریكاری و هەماهەنگیی زیاتری نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بە پشتیوانیی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، پێویستییەكی بەپەلەی هەنووكەیی و لەپێشینەیە”.
بۆیە نێچیرڤان بارزانی داوا دەكات “میكانیزمی ئەو هەماهەنگییە لەنێوان لایەنە پەیوەندارەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدرالی عێراقدا بە هاوبەشی و پشتیوانیی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كاراتر و فراونتر بكرێت و پێكەوە بە هەموو هێز و توانایەكەوە بەرەنگاری تیرۆرستانی داعش و هەڕەشە و مەترسییەكانی ببینەوە”.