سەرۆكی ڕەوتی سەدر دەڵێت، تاكە چارەسەری ڕزگاركردنی عێراق پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەیە و دەشڵێت، بێزاربووین لە تەوافوق و بووەتە عەیبە.
موقتەدا سەدر، سەرۆكی ڕەوتی سەدر ڕایگەیاند، هەموو چوار ساڵێك هەڵبژاردن دەكرێت، لەماوەی ئەو ساڵانەدا شیعەكان ململانێی یەكدی دەكەن، كاتێكیش هەڵبژاردن دێتەپێشەوە هاوپەیمانی و سازان (تەوافوق)یان دەوێت.
سەدر لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ ژمارەیەك كاندیدی سەربەخۆی براوەی هەڵبژاردن سەبارەت بە سازان وتیشی، “بێزاربووم لێی و نامەوێت، تاقیمانكردەوە و بێزاركەرە”.
“تاكە چارەسەر بۆ ڕزگاركردنی عێراق ئەوەیە ئەوان حكومەتی زۆرینە پێكبهێنن و لە ئۆپۆزسیۆن دەبم یان بە پێچەوانەوە، ئەگەر بیانەوێت بەشداری لە حەوت دەرمانە (خلطة عطار) بكەم ئەوە ڕوونادات، زۆرمان تاقیكردەوە و سەركەوتوو نەبووین، بۆچی خۆمان لە گەل بەرزتر دابنێین، ئیرادەی گەل حكومەتی زۆرینەی دەوێت بۆ خزمەتكردنی”، سەدر وای وت.
ئەوەشی خستەڕوو، “دابەشكردنی كێكەكە بووەتە كارێكە عەیبە و نەگونجاوە لەبەردەم گەل و جیهان، بەشداری لە حكومەتی هاوپەیمانی یان حكومەتی سازان ناكەم، بوونە ئۆپۆزسیۆن باشترە بۆمان، بۆ بونیادنانی نیشتمان بە ڕێگایەكی تایبەت”.
سەرۆكی ڕەوتی سەدر ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر ڕەوتەكەی بچێتە حكومەت ئەمە سەرچاوەیەی ترسە بۆ ئەودوای لایەنەكانی دیكە، بوونیشی لە ئۆپۆزسیۆندا بەهەمان شێوە و، وتی، “بەهیچ شێوەیەك ناچینەژێرباری ئاراستەی دەرەكی، نەچوومەتە ژێرباری مەرجەعەكان و دەوڵەتان، 15 ساڵە بەرامبەر ئێران وەستاومەتەوە، لەوێ قسەی حەق بەرامبەر باڵاترین دەسەڵات دەڵێم، بەهەمان شێوە سەبارەت بە سعودیە، وتومە عێراق نابێتە شوێنكەوتە، ئێمە دراوسێین و پێویستە هەماهەنگی بكەین”.