لە هەولێر خۆپیشاندانی خوێندكاران دەستیپێكردەوە، لە بەشێك لە زانكۆ و پەیمانگاكان دەرگا لەسەر خوێندكاران داخراوە و ناهێڵن بچنە دەرەوە بۆ بەشداریكردن لە ناڕەزایەتییەكان.
لە بەیانیی ئەمڕۆوە خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان دەستیپێكردووەتەوە بۆ داواكردنی خەرجكردنەوەی دەرماڵەی خوێندكاران و پشتگیریكردن لە داواكاریی خوێندكارانی سلێمانی.
پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا گواستیەوە، لە زانكۆی پزیشكیی هەولێر دەرگا لەسەر خوێندكارەكان داخراوە و ناهێڵن بچنە دەرەوەی زانكۆ بۆ بەشداریكردن لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان، بەڵام خوێندكارەكان لە حەوشەی زانكۆكە گردبوونەتەوە و دروشم دەڵێنەوە، هێزێكی زۆری ئەمنیش كۆكراونەتەوە.
هەر لە هەولێر، لەبەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا خوێندكارانی ناڕازی گردبوونەتەوە، بەڵام بازگە لە هەردوو بەری شەقامەكە دانراوە و ڕێگەنادرێت خوێندكاری زیاتر بچنە گردبوونەوەكەوە.
ئەمە دووەم ڕۆژە خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكانی هەولێر گردبوونەوە و خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن و داوای خەرجكردنەوەی دەرماڵە دەكەن.
كەمێك لەمەوبەر كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد، بڕیارە پرسی خەرجكردنەوەی دەرماڵە تاوتوێبكەن.