وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، هۆشداری دەدات بە هاوڵاتییانی وڵاتەكەی لە ناوخۆ و دەرەوەی فەرەنسا و دەڵێت، “هەڕەشەی ئەمنی لە هەموو شوێنێكە.”
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینیی 30ی تشرینی یەكەم، جان ئیڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، پەیامێكی هۆشداریی ئاراستەی خەڵكی وڵاتەكەی كرد تایبەت ئەوانەی لە دەرەوەی فەرەنسا دەژین، بەوەی بە وریاییەوە مامەڵە بكەن و ئاگاداری خۆیان ببن.
هۆشداریدانەكەی لۆدریان، دوای هێرشەكەی دوێنێی شاری “نیس”ی فەرەنسا دێت كە پێنج كەسی كردە قوربانی. وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئەمڕۆ دوای كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی بەرگری، وتی، “بەخێرایی لە قۆناغی ڕقەوە دەگوازینەوە بۆ توندوتیژی كردەیی و راستەقینە، بۆیە بڕیارمان دا هەموو ڕێوشوێنێك بگرینەبەر بۆ مسۆگەركردنی پاراستنی ئاسایشی بەرژەوەندی و هاوڵاتییانمان لە دەرەوە.”
ڕاشیگەیاند، “ڕێنماییمان داوە بە هەموو باڵیۆزەكان بۆ ئەوەی ڕێوشوێنە ئەمنییەكان توندبكەن لە باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەكانی فەرەنسا و قوتابخانەكانی لە جیهان دا.”
چەند هەفتەیەك لەمەوبەر، بەهۆی نیشاندانی كاریكاتێرێكی پێغەمبەری ئیسلام بە خوێندكارەكانی، مامۆستایەك لە دەوروبەری پایس-ی پایتەختی فەرەنسا سەربڕدرا، دواتر زنجیرەیەك توندوتیژی لەو وڵاتە ڕوویان دا، دوایینیان، ئەمڕۆ و دوێنێ بوون، كە وەك پۆلیسی فەرەنسا دوێنی پێنجشەممە ڕایگەیاند، لە شاری نیس كەسێك بە بە چەقۆ هێرشیكردە سەر چەند هاوڵاتییەك و سیانی كوشت و دوو كەسیشی برینداركرد. ئەمڕۆش لە باشووری خۆرئاوای پاریس، پۆلیس كەسێكی دەستگیركرد كە بە چەقۆ هەڕەشەی لە كارمەندەكانی پۆلیس كردبوو.