ڕەشپێستەکانی عێراق ئەو توێژەن ڕووبەڕووی زۆرترین جیاوازی دەبنەوە

ڕۆژنامەی The Nationalـی بەریتانی ئاشکرایکردووە، ڕەشپێستەكانی عێراق لە منداڵییانەوە ڕووبەڕووی جیاوازی دەبنەوە و ناوەندە جیاوازەکانی عێراقیش ئێستا ویستیان بۆ گۆڕینی ئەو جیاوازییە هەیە.

لە ڕاپۆرتێکدا ڕۆژنامەکە دەڵێت، “ئەو نەهامەتییانەی ئێستا هاوڵاتییانی ڕەشپێستی تیادان لە عێراق ساڵانێکی زۆرە بەردەوامن، لەوانەش جیاوازیی ئایدۆلۆژی، کۆمەڵایەتی و خێڵەكی، ئێستا لە عێراق نزیکەی ملیۆنێک ڕەشپێست هەن، کە باب و باپیرانیان لە عێراقدا ژیاون و هاوڵاتیی عێراقیین”.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، نەهامەتییەکان بۆ ڕەشپێستەکانی عێراق لە منداڵییەوە دەستپێدەکەن، بەپێی هەڵسەنگاندنەکان 10%ـی منداڵانی عێراق بێبەشدەبن لە خوێندن، بەڵام ئەو حاڵەتە بۆ منداڵە ڕەشپێستەکانی عێراق زۆر زیاترە و تێبیینییەکان لەبارەیەوە بەردەوامییان هەیە.

ڕۆژنامە بەریتانییەکە پارێزگای بەسرە بەنمونە دەهێنێتەوە و باس لەوەدەکات، لە بواری خوێندندا خوێندکارانی ڕەشپێست بەشێوەی کەمتر لە خوێندکارانی دیکە دادەنرێن، بەجۆرێک بۆ دەرچوونی خوێندکارێک و پەڕینەوەی بۆ قۆناغێکی دیکە پێویستی بە نمرەی زیاتر هەیە وەک لە خوێندکارانی ئاسایی.

ئاماژەی بەوەشکردووە ئەو جیاوازییانە تا تەمەنی گەورەیی هەر بەردەوامن و لەکاتی هاوسەرگیریشدا بەئەستەم هاوسەرگیری لەگەڵ کەسانی ڕەشپێست دەکەن، تەنانەت ئەگەر هاوسەرگیریش بکەن بەهۆی توندوتیژی و جیاوازیی زۆرەوە زۆرترین حاڵەتی جیابوونەوە لەنێوانیاندا ڕوودەدات.

ئەو جیاوازییانە ناوەندەکانی کاركردنیشیان گرتووەتەوە، ئەمەش وایکردووە هاوڵاتییانی ڕەشپێستی عێراقی کەمتر هەلی کارکردنیان پێبدرێت و زیاتر ڕووبەڕووی کێشە ئابورییەکان ببنەوە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بۆ پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ دەکات، کە هەموو مرۆڤێک بە ئازادی لەدایکدەبێت و نابێت هیچ وڵاتێک کار بۆ توندوتیژی و جیاوازی بەرامبەر دەستە و چین و توێژێکی دیاریکراو بکات.

لەو چێوەیەشدا عێراق کاریکردووە بۆ پابەندبوون بەو پەیماننامەیەوە و لە ساڵی 1970 واژووی لەسەر ڕێککەوتنی نێودەوڵەتیی دژی سەرجەم شێوەکانی توندوتیژی و جیاوازی کردووە، بەوپێیەش سەرجەم پێکهاتە و کەمینەکانی عێراق مافی یەکسانیان هەیە بۆ ژیان.

جێبەجێکردنی ئەو پەیماننامانە لە عێراق جیاوازە چونکە وڵاتەکە ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە بووەتەوە و نەتوانراوە وەک خۆیان جێبەجێبکرێن، بەپێی ڕاپۆرتی ساڵی 2018ی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، هەروەها ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی زەنگی مەترسییان لێداوە لەبارەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە عێراق و بەتایبەتیش هاوڵاتییانی ڕەشپێست.

باسی لەوەشکردووە، عێراق تەنها بە جێبەجێکردنی بەڵێننامە و پەیماننامەکان ناتوانێت جیاوازییەکان کۆتاییپێبهێنێت، بەڵکو دەبێت دامەزراوە میدیاییەکان ڕۆڵی کاریگەریان هەبێت لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەبارەی مافی کەمایەتییەکانەوە.

هەروەها کەسایەتی و ناوەندە ئایینییەكان کاریگەریی گەورەیان دەبێت لەسەر بڵاوکردنەوەی یەکسانی لەنێوان کەسانی ڕەشپێست و سپیپێست لە عێراق، خوێندنگەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەتوانن بەهەمانشێوە کاریگەربن.

بابەتی پێشتر

كاردانەوەی نێودەوڵەتیی لێكەوتووەتەوە.. كچە تێنسزانێكی پیشەگەری چینی بێسەروشوێنە

بابەتی دواتر

وەزیری بەرگریی ئەمریكا: هەر لایەنێك سەربەخۆیی و سەروەریی عێراق پێشێلبكات ڕووبەڕووی دەبینەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share