مهلا بهختیار، ئهندامى ئهنجومهنى باڵاى سیاسی و بهرژەوهندییهكانى یهكێتى، هۆکاری ژەهرخواردکردنی خۆی و بافڵ جەلال تاڵەبانی و وەستا حەسەن ئاشکرادەکات و دەڵێت، “هۆکاری هەڵبژاردنی هەرکەسێک لە ئێمە بە ئامانجێکی ترسناک بووە”.
مەلا بەختیار لەکاتی پێشوازیکردن لە هەندێک لە لایەنگرانی یەکێتی ڕایگەیاند، “تاوانباران سێ كەسیان هەڵبژاردووە، یەكەمیان كوڕی مام جەلالە، كە من هەقم بەسەر پلەكەیەوە نییە لەناو یەكێتیدا، كە ئەوانیش بۆ پلەكەی ئەمكارەیان نەكردووە، بەڵكو لەبەرئەوەیە كە كوڕی مام جەلالە و كوڕە گەورەكەشیان والێكردووە، تا بڵێن ئێمە میراتگری مام جەلال-ین”.
ئەو ئەندامەی ئهنجومهنى باڵاى سیاسی و بهرژەوهندییهكانى یهكێتى ڕاشیگەیاندووە، “هاتوون منیشیان هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی بڵێن: لە مێژوودا مەلا بەختیار هەبوو، كە شارەزای مێژووی ڕابردووبێت و ئاگاداری نهێنییەكانبێت و هەڵوێستێكی هەیە، بەكۆتاییهێنان بە من، ئەو مێژووەش كوێربكەنەوە، وەستا حەسەن-یشیان هەڵبژاردووە، ئەویش بەهۆكاری ئیشوكارەكەی، كە نهێنییەكانی ئەم دەڤەرە زۆر باش دەزانن، بەمشێوەیەش هاتوون هەر یەكێك لەم كەسایەتییانە، بە ئامانجێكی گڵاو لەناوبەرن و دواتریش پاش لەناوچوونی ئێمە، نەخشەكانی خۆیان ترسناكتر جێبەجێبكەن، ئەمە پێشەكیش هەبوو، بەڵام بەداخەوە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئەو مەكتەب سیاسییەی ئێستا هەیە، دركیان پێنەدەكرد”.
مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەشکردووە، ” ئەوەی بەرامبەر بە من، بەرامبەر بە كاكە بافڵ و وەستا حەسەن كراوە، كە هی دیكەش دەردەكەوێت، ئەگەرچی هیوادارم كەسی دیكە تووش نەبووبێت، بەڵام ئەوانەی بەرامبەر بە ئێمە ئەمكارەیان كردووە، هەمان هۆكار پاڵی پێوەناون، بەرامبەر بە خەڵكانی تریش كردبێتیان، كە لێیانترساون، لەگەڵ ئەوەشدا هیوادارم بە ئێمە كۆتاییهاتبێت”.