سلێمانی لەنێوان ڕەشەبای سروشت و باهۆزی ڕووداوەكاندا

شاری سلێمانی

لە قۆناغێكدا كە كوردستان لەژێر داگیركاریی دوو ئیمپراتۆرییەتدا كەوتبووەژێر هەڕەشەی لەناوچوونی شوناسەوە، شارێك لەلایەن دەسەڵاتێكی كوردیی خۆكردەوە دامەزرێندرا و هەر لە سەرەتاوە بە بەراورد بە سەردەمی خۆی، ئەدگاری شار لە سیمایدا دەدرەوشایەوە، سلێمانی، شارێك كە  لە ساڵی 1784دا لەلایەن ئیبراهیم پاشای بابانەوە دروستكرا و كرا بە پایتەختی میرنشینی بابان.

دامێنی هەردوو چیای گۆیژە و ئەزمەڕ بەدیوی خۆرئاوادا، هاوشێوەی كەش و سروشتە تۆپۆگرافییەكەی كە زستانی سارد و ڕەشەبای بەهێز خۆیان بەسەردا داسەپاندووە، بوو بە مەڵبەندی لەدایكبوونی شارێك كە لە زۆر قۆناغی تەمەنیدا شانۆی ڕووداوگەلی گەرم و باهۆزی گۆڕانكاریی سیاسی بووە، بەتایبەت لە سەدەی بیستەم و ئەو دوو دەیەیەی لەم سەدەیە ڕابوردوون.

شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید و دامەزراندنی چەندین پارت و بزاوتی سیاسی، ڕووناكبیری و كۆمەڵایەتی لەم شارەوە سەریانهەڵداوە و لە نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوودا، سلێمانی ڕۆڵێكی سەرەكیی هەبووە لە ڕەنگڕێژكردنی ژیانی سیاسی و ڕووناكبیری و كۆمەڵایەتیی كۆمەڵگەی باشووری كوردستاندا، بەجۆرێك كە خاوەنی چەندین دەستە و گروپ و قوتابخانە و ڕێبازی هزری و فەرهەنگی و ئەدەبی بووە و بووەتە جێگەی كۆبوونەوەی زۆربەی سیاسەتوان، ئەدیب و شاعیر و نووسەری كوردی ئەو سەردەمە كە نمایندەی ڕێبازە سیاسی و ئەدەبی و ڕۆژنامەگەرییەكان بوون.

لەو قۆناغەشدا كە بە “دوای ڕاپەڕینی خەڵكی باشووری كوردستان” پۆلێن و قۆناغبەندی كراوە، سلێمانی پێشەنگی بزاوت و چالاكییە سیاسی و كەلتووری و میدیاییەكان بووە، وەك دروستبوونی پارتی سیاسی و گروپی ئەدەبی و هونەری و دەرچوواندن و دامەزراندنی چەندین ڕۆژنامە و گۆڤار و دامەزراوەی تری میدیایی و ناوەندی ڕووناكبیری و تیپی شانۆیی و مۆسیقی، تەنانەت لە هونەرەكانی گۆرانیوتن و بەرهەمهێنانی دراما و فیلمدا سلێمانی ڕۆڵی دیاری هەبووە لە كەمەندكێشكردنی باشووری كوردستان بەرەو ئەو بوارانەی سەردەم، چالاكی و هەوڵگەلێك كە ناسناوی “پایتەختی ڕۆشنبیری”یان بە شارەكە بەخشی و لەلایەن یونسكۆوە بە یەكێك لەو شارانەی جیهان كە بە “شاری داهێنان” ناسراون، ناوزەد و دەستنیشانكرا.

ئێستاش لە یادی 237 ساڵەی دامەزراندنیدا، وادەردەكەوێت چاوەكانی چاوەڕوانی لەسەر ئەوە بن، شارێك كە بە پایتەختی میرنشینێك دەستیپێكرد و خۆی گەیاند بە ناسناوی “پایتەختی ڕۆشنبیری”، لە داهاتووی نزیك و ئاییندەی دووردا بەكوێ دەگات؟

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

د. فازڵ نەبی: چاوەڕواندەكرێت كۆتایی ئەم هەفتەیە یاخود سەرەتای هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی 10 بنێردرێت

بریكاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق رایدەگەیەنێت، “چاوەڕواندەكرێت كۆتایی ئەم هەفتەیە یاخود سەرەتای هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی 10 بنێردرێت”.…
Total
0
Share