لیژنەی ئەمنیی سلێمانی دوامۆڵەت بۆ دیاردەی چەكداری و كاری نایاسایی دیاریدەكات

شاری سلێمانی

لیژنەی ئەمنیی سلێمانی مۆڵەتی تا كاتژمێر 8ی سبەی بەیانی دەداتە هەر دیاردەیەكی چەكداری و جوڵەپێكردنی چەك و تەقەمەنی لە دەرەوەی یاسا دەشڵێت، كاراكردنەوەی لیژنەكەیان لەسەر بڕیاری قوباد تاڵەبانی-یە و بافڵ جەلال تاڵەبانی-ش پشتیوانی تەواویانە بۆ چەسپاندنی یاسا و دابینکردنی ئارامی.

لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی ئاگادارییەكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، لەپێناو پاراستنی ئاسایش و ئارامی ھاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانی، لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی کارەکانی خۆی چالاکتردەکاتەوە و دوا مۆڵەت بۆ بنەبڕکردنی یەکجارەکی دیاردەی چەکداری و لاساری یاسایی دیاریدەکات.

بەپێی ئاگادارییەكە مۆڵەتەکە لە كاتژمێر 10ی ئەمشەوەوە (2021/11/10) دەستپێدەکات و تا كاتژمێر 8ی سبەی بەیانی (11/11) دەخایەنێت کە تێیدا ھەرچی دیاردەی چەکداری، لە چەکی بێ مۆڵەت و جوڵەی چەك و تەقەمەنی لە دەرەوەی یاسا ھەیە، کۆنترۆڵدەکرێن و دەستیان بەسەردادەگیرێت. ڕاکردوان و تۆمەتباران بە کەیسی جۆراوجۆری یاسایی دەستگیردەکرێن و ڕادەستی دادگاکان دەکرێن.

“ھێزە ھاوبەشە ئەمنییەکانی حکومەت لەو وادەیەوە ڕادەسپێردرێن ھەموو دیاردەیەکی نامۆ و ناشارستانی، کە ھەڕەشەن بۆسەر ئاسایش و ژیان و گوزەرانی ئاسایی ھاوڵاتیان، بنەبڕ بکەن” وەك ئەوەی لە بەشێكی دیكەیدا هاتووە.

وتەبێژێک لە لیژنە ئەمنییەکەی پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند، لەسەر بڕیاری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لیژنەی ئەمنیی سلێمانی ڕاسپێردراوە ئەرکەکانیان کارابکەنەوە، وەك بەشێك لە تەواوکردنی چاکسازییەکان لە خزمەتی کۆمەڵانی خەڵک، بافڵ جەلال تاڵەبانی-ش پشتیوانی تەواوی کارەکانی لیژنە بۆ چەسپاندنی یاسا و دابینکردنی ئارامی دەکات.

وتیشی، “ھەر جۆرە جوڵەپێکردنێکی ھێز بە ئاگاداری و موافەقەتی لیژنە ئەمنییەکە دەبێت و جگە لە ئیجراتاتی بنەبڕکردنی دیاردەی چەکداری و چەکی بێ مۆڵەت، ئیجرائاتی یاسایی تایبەت بە ئۆتۆمبیلی بێ سەرەتا و بێ مانفێست و سەیارەی جام ڕەش و پلێتگۆڕین جێبەجێدەکرێن، بۆ ئەوەی ھیچ درزێکی ئەمنی ڕوونەدات کە ئۆقرەیی و ئارامی شار تێکبدات”.

پرۆسەکەش وەك ئەوەی وتەبێژەكە ڕایگەیاند، بەشێوەیەکی کارا و شەفاف جێبەجێدەکرێت بۆیە داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەن هاوکاری ڕاگەیاندنی بڕیار و ڕاسپاردەکانی لیژنەکە بن و ڕوماڵی پێویستی بکەن.

بابەتی پێشتر

دوای هەزاران ساڵ هێشتا نهێنیی نوێ لەبارەی ژیانیانەوە دەردەکەوێت

بابەتی دواتر

شاندی یەكێتی لە بەغداد لەگەڵ فالح فەیاز كۆبووەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share