سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، بەباشی دەزانێت کێ لەپشت هەوڵی تیرۆرکردنیەوە بووە و ئاشکرایان دەکات.
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو بە درۆن هێرش کراوەتە سەرماڵەكەی و بەباشی دەزانێت کێ لەپشت هەوڵی تیرۆرکردنیەوە بووە و ئاشکرایان دەکات، بەكارێكی “ترسنۆكانە”ش ناویبرد.
كازمی لەوتارەكەیدا باسی لەوەشكرد، عێراق بە ئاڵنگاریی زۆردا تێدەپەڕێت کە هی ئەمڕۆ نین و بەرهەمی ئەم حکومەتەش نین، دەشڵێت، “توانیمان قەیرانی ئابووریی و تەندروستی چارەسەربکەین، قەیرانی دابەزینی نرخی نەوت و سیاسەتە هەڵەکانی حکومەتەکانی پێشووشمان تێپەڕاند”.
ڕاشیگەیاند، سەرکەوتووبوون لە بەدیهێنانی داواکارییەکانی گەل و مەرجەعیەت و خۆپیشاندەران بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت و جێبەجێكردنی داواکارییەکانی کومسیۆن.
لەبارەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەوە سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختی لەوەشكردەوە، ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و تانەكان تایبەتمەندیی حكومەت نیە و حكومەت تەنها دارایی و ئەمنیەتی هەڵبژاردنی لەسەر بووە.
مستەفا كازمی پێشیوایە، هەوڵ بۆ تێكدانی ئەمنییەتی عێراق دەدرێت تا بەرەو جەنگی ببەن، بەڵام ئەوان بنیاتنانەوەی وڵاتیان دەوێت نەك جەنگ.