قوباد تاڵەبانی لە کێشەکانی وەبەرهێنان و خزمە‌تگوزاری لە‌ سلێمانی كۆڵییەوە

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم کێشەکانی وەبەرهێنان و خزمە‌تگوزاری لە‌ سلێمانی لەگەڵ ژمارەیەك وەبەرهێنەر و بەڕێوەبەری پارێزگاكە تاوتوێكرد، پشتگیری حکومەتی هەرێمی بۆ کەرتی تایبەت دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند، لەپێناو هاندانی زیاتری کاری وەبەرهێنان دەبێت کارئاسانیی تەواو بکرێت بۆ وەبەرهێنەران و ڕۆتین بە تەواوە‌تی کەمبکرێتەوە.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حكومەتی هەرێم، بۆ تاوتوێکردنی کێشەکانی وەبەرهێنان و خزمە‌تگوزاری لە‌ سلێمانی، كۆبوونە‌وە‌یە‌كی لە‌گە‌ڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و بە‌ڕێوەبە‌رانی پەیوەست بە وەبەرهێنان ئە‌نجامدا.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی نووسینگەكەی، قوباد تاڵەبانی پشتگیریی حکومەتی هەرێمی بۆ کەرتی تایبەت دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند، لەپێناو هاندانی زیاتری کاری وەبەرهێنان دەبێت کارئاسانی تەواو بکرێت بۆ وەبەرهێنەران و ڕۆتین بە تەواوە‌تی کەمبکرێتەوە.

جێگری سەرۆک وەزیران، ئاماژەی بەوەشكرد، “پشتگیریکردنی کەرتی تایبەت و وەبەرهێنەران لە ئەولەوییەتەکانمانە‌ لە‌ پێناو بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابوریی هەرێم، هەربۆیە ئەرکی بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای سلێمانییە، کە نەک تەنها کارئاسانی تەواو بۆ وەبەرهێنەران بکەن، بەڵکو دەبێت کار بۆ ئەوە بکرێت هانی وەبەرهێنەرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق و وەبەرهێنەرانی بیانیش بدرێت بۆ کاری وەبەرهێنان ڕووبکەنە پارێزگای سلێمانی”.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، قوباد تاڵە‌بانی بە‌ ئامادە‌بووانی كۆبوونە‌وە‌كە‌ی وت، “مە‌بە‌ستمانە‌ لە‌ پڕۆژە‌كانی نیشتە‌جێبوون ئە‌‌ولە‌ویە‌ت بدرێت بە‌و پڕۆژانە‌ی كە‌ تایبە‌ت دە‌بن بە‌ چینی كە‌مدە‌رامە‌ت، بۆیە‌ گرنگی بدە‌ن بە‌و جۆرە‌ پڕۆژانە‌ بۆ ئە‌وە‌ی زوو بكە‌ونە‌گە‌ڕ”.

جە‌ختیشیكردە‌وە‌ لە‌سە‌ر گرنگیدان بە‌ پڕۆژە‌كانی گە‌شتوگوزار و پیشە‌سازی و كشتوكاڵ.

بابەتی پێشتر

هێزەكانی بەرگریی عێراق بێبەریبوونی خۆی لە هێرشەكەی سەر ماڵی كازمی ڕاگەیاند

بابەتی دواتر

یەکێتی دژی بەئامانجگرتنی پرۆسەی دیموكراسیی عێراقە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share