نوری مالکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا سەرکۆنەی هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی سەر ماڵی مستەفا کازمی دەکات و ڕایگەیاند، ئەو کردەوەیە سەرکۆنە دەکەین و ڕەتیدەکەینەوە.
لە پەیامێکدا کە نوری مالکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر سەبارەت بە هێرشی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆسەر ماڵی مستەفا کازمی بڵاویکردووەتەوە ڕایگەیاند، “هێرشی سەر ماڵی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرکۆنە دەکەین و ڕەتیدەکەینەوە، ئەو کردەوانە دۆخی ئەمنیی عێراق ئاڵۆزدەكەن و ڕووبەڕووی ئاڵنگاری و پێشێلکاریی زیاتری دەکەنەوە”.
داواشدەکات، دۆخەکە بە حیکمەت و دووربینی و تێڕوانینێکی دوور لە توندوتیژی چارەسەربکرێت، بەبەرپرسیارێتییەوە مامەڵەبکرێت و هێمنی بپارێزرێت دۆخەکە بەبێ کاردانەوەی گرژئامێز چارەسەربكرێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشێك بۆسەر ماڵی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژكراوەوە ئەنجامدرا، دواتر مستەفا کازمی لەڕێگەی پەیامێکی ڤیدیۆییەوە ڕایگەیاند کە تەندروستیی باشە و هیچ زیانێکی بەرنەکەوتووە.