خەزعەلی بە گومانەوە لە هێرشەكەی سەر ماڵی كازمی دەڕوانێت

قەیس خەزعەلی بە گومانەوە دەڕوانێتە هێرشەكەی سەر ماڵی كازمی، داوا دەكات لێكۆڵینەوەی لەبارەوە بكرێت، دەڵێت، پێشتر هۆشداریی لەبارەی هێرشی لەوشێوەیە داوە بۆ ئەوەی دواتر “گروپەكانی بەرگری” تۆمەتباربكرێن.

قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهلی حەق لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، “دوای بینینەوەی وێنەكانی تەقینەوەكەی ماڵی سەرۆك وەزیران و تێبینیكردنی ئەوەی هیچ قوربانییەك نەكەوتووەتەوە، گرنگیی ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە دووپاتدەكەینەوە لەلایەن لیژنەیەكی هونەریی تایبەتمەند و متمانەپێكراو، بۆ دڵنیابوونەوە لە هۆكار و وردەكارییەكانی”.

خەزعەلی نووسیویشیەتی، “ئەگەر بەئامانجگرتنەكە ڕاستەقینە بێت، بە ڕوونی سەركۆنەی دەكەین و پێویستە بە ڕژدی (جدی) بەدوای ئەنجامدەرانی كردەوەكەدا بگەڕێن و سزادانیان بەپێی یاسا، چونكە هەوڵێكە بۆ تێكەڵكردنی كارتەكان، چونكە دوای ڕۆژێك دێت لە تاوانی ڕوونی كوشتنی خۆپیشاندەران و هێرشكردنە سەریان و سووتاندنی خێمەكانیان”.

ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهلی حەق ئەوەشی بیرهێناوەتەوە، كە پێش چەند ڕۆژێك هۆشداریی داوە لە “ویستی چەند لایەنێكی گرێدراو بە لایەنی هەواڵگرییەوە، بۆ بۆردوومانكردنی ناوچەی سەوز و دواتر تۆمەتباركردنی گروپەكانی بەرگری (فصائل المقاومة)”.

بابەتی پێشتر

زینانە.. بۆمبێك بە هێزەكانی پێشمەرگەدا تەقییەوە

بابەتی دواتر

مالکی لەبارەی هێرشەكەی سەر ماڵی كازمی: ڕەتیدەکەینەوە و هێمنی بپارێزرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share