ڕۆژنامەی فۆرەن پۆڵەسیی ئەمریکی، ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی تشرینی یەکەم، بڵاویکردەوە یەکێک لەو لایەنە گرنگانەی کە لە کێبڕکێ و گفتوگۆکانی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە سیاسەتی دەرەوەدا ون و نادیار بووە عێراقە، هەروەها ڕۆڵی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە فراوانی.
ڕۆژنامەکە دەڵێت، “ئەمریکا لە ڕێگەی کەمکردنەوەی هێزەکانی لە عێراق تا 2500 بۆ 3000 هەزار سەرباز لە کۆتایی ئەمساڵدا، دەتوانێت کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوە و دابەزینی ژمارەی دەنگدەران بکات لە هەڵبژاردنەکانی هەفتەی داهاتوودا”.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەدەکات، “یەکێک لە هۆکارەکانی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گرنگییەی عێراق لە ستراتیجییەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیەتی و هاوسنورە لەگەڵ هەریەکە لە تورکیا، ئیران، سعودیە و کوەیت، لەسەرو ئەمانەشەوە عێراق یەکێکە لە گەورەترین وڵاتانی خاوەن یەدەگی نەوت لە جیهاندا، کە گرنگییەکی زۆری هەیە لە گەشەسەندنی ئابوری جیهاندا”.
ڕۆژنامەکە باسیلەوەکردووە، “گرنگیی عێراق تەنها بۆ پێگە ستراتیجی و ئابورییەکەی ناگەڕێتەوە بەڵکو بۆ هاوسنووری عێراق لەگەڵ ئێران دەگەڕێتەوە”.
فۆرەن پۆڵەسی ئەپرسێت، “ئەگەر عێراق بەم ئاستە گرنگە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکادا، بۆچی هیچ کامێک لە کاندیدەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا هیچیان لەبارەی چارەنوسی هێزەکانیان لە عێراق باسنەکرد، هیچیشیان لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتوویان لە عێراق نەدرکاندووە لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا”.
هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە ڕۆژی 3ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا، بەڕێوەدەچێت و هەریەکە لە دۆناڵد ترەمپی کاندیدی کۆمارییەکان و جۆ بایدنی کاندیدی دیموکراتەکان لەسەر پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کێبڕکێ دەکەن.