پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، حكومەتی هەرێم بڕیاریداوە قەرەبووی زیانلێكەوتووانی لافاوەكەی شارەكە دەكاتەوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندی پێوەكردوون و پێی وتووە قەرەبووی زیانلێکەوتووان دەکەنەوە.
ئومێد خۆشناو ڕوونیشیكردەوە، قەرەبووكردنەوەكە بەپێی قەبارە و جۆری زیانەكان دەبێت و بەڵێنی ئەوەشی دا كە “بەشێوەیەكی دادپەروەرانە” بێت.
ئاماژەی بەوەشكرد لە سبەینێوە دەست بە ڕێوشوێنەكانی قەرەبووكردنەوەكە دەكەن.
ڕۆژی شەممەی ڕابردوو بەهۆی شەپۆلێكی بارانبارین كە شارەكانی هەرێمی كوردستانی گرتەوە، لە شاری هەولێر لافاوی گەورە دروستبوو و بەهۆیەوە 500 خێزان، 130 ئۆتۆمبێل، 127 خانوو و دوو قوتابخانە زیانی جۆراوجۆریان بەركەوت، وەك ئەوەی دوێنێ پارێزگاری شارەكە ئاماژەی پێدا.
بڕیاری قەرەبووەكە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا سێ ملیار دینار بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی لافاوەكەی هەولێر تەرخانبكات.
ڕوون نییە ئایا حكومەتی هەرێم هیچ بڕە پارەیەك بۆسەر ئەو بڕە پارەیە زیاددەكات یاخود نا.