زیاتر لە هەزار چەكداری داعش لە میحوەری سێ پارێزگا بوونیان هەیە

پارێزگاری دیالە ژمارەی ئەو چەكدارانەی داعش ئاشكرادەكات، كە لە پارێزگاكانی کەرکوک، دیالە و سەڵاحەدین بوونیان هەیە، دەڵێت، زیاترن لە هەزار چەكدار.

موسەننا تەمیمی پارێزگاری دیالە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، كە ئاژانسی فەرمیی هەواڵی عێراق – واع بڵاویكردووەتەوە، ئاماژەی بەوەدا، ژمارەیەک خێزانی نیشتەجێی گوندەکانی دەوروبەری قەزای شارەبان، دوای پەلامارەکەی تیرۆریستانی داعش بۆسەر گوندی ڕەشاد، ماڵ و حاڵی خۆیان جێھشتووە و ئاوارەبوون، وتی، “ئەو خێزانانە لە ترسی ئەوەی کاردانەوەی توند بەرامبەریان ئەنجام بدرێت، ئاوارەبوون”.

پارێزگاری دیالە، سەبارەت بە مەترسییەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ناوچەکانی نێوان پارێزگاکانی کەرکوک، دیالە و سەڵاحەدین ئاشکرایکردووە، زیاتر لە ھەزار چەکداری داعش لە میحوەری ئەو پارێزگایانە بوونیان ھەیە، “بەم دواییانە، ژمارەی چەکدارانی داعش لەو میحوەرە زیادیکردووە”.

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، ژمارەیەک چەکداری داعش هێرشیان کردە سەر گوندی ڕەشاد سەربە قەزای شارەبان، بەپێی ئامارەکان، لەو هێرشەدا 12 کەس کوژران و شەش كەسیش بریندار بوون.

گوندی ڕەشاد شیعەنشینە، دوای ئەو هێرشە، ژمارەیەك دانیشتووی گوندەكە هێرشی پەرچەكرداریان کردە سەر خەڵکی گوندی “نەهر ئیمام”، کە دانیشتووانەکەی سوننە مەزهەبن، بەهۆیەوە هەشت کەس لە دانیشتوانی گوندی نەهر ئیمام كوژران و ئاگر لە خانوو و کێڵگە کشتوکاڵییەکانیان بەردرا.

ئەو كاردانەوە و توندوتیژییە، ژمارەیەك لە دانیشتووانی ناوچەكەی ناچاركرد ماڵوحاڵی خۆیان جێبهێڵن.

بابەتی پێشتر

ئاژانسێكی ڕوسی: پێدەچێت ئەمڕۆ توركیا هێرشبكاتەسەر ڕۆژئاوای كوردستان

بابەتی دواتر

بەغداد 200 ملیارەكە و 3 ملیار دیناری دیكەی بۆ زیانلێكەوتووانی لافاوەكە نارد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share