چی بووەهۆی گیانلەدەستدانی مامۆستا نێرگز؟

كۆچكردوو مامۆستا نێرگز محەمەد

سەرەڕای ئەوەی ڕێژەی وەرگرانی ڤاكسینی كۆرۆنا بەردەوام لە زیادبووندایە، بەڵام هێشتا گومان و ترس و دڵەڕاوكێ دەربارەی بەكارهێنانی ئەو ڤاكسینە لەناو خەڵكدا نەڕەویوەتەوە.

گیانلەدەستدانی مامۆستا نێرگز، دوو ڕۆژ پێش ئێستا لە سلێمانی، ترس و دڵەڕاوكێی لە بەرامبەر بەكارهێنانی ڤاكسین زیادكردووە، ئەگەرچی بە ووتەی كەسوكارەكەی، ناوەڕاستی مانگی ئابی ئەمساڵ، مامۆستا نێرگز ژەمی دووەمی ڤاكسینی كۆرۆنای وەرگرتووە و دوای دوو مانگ لەو وادەیە دۆخی تەندروستی تێكچووە.

فریاد محەمەد، برای مامۆستا نێرگز بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، تێكچوونی دۆخی تەندروستیی خوشكەكەی سەرەتا بە خەستبوونەوەی خوێن دەستیپێكردووە و پاشان تووشی جەڵتەی مێشك بووە.

دوای تووشبوونیشی بەو حاڵەتانە، ئەو مامۆستایە لە دوو نەخۆشخانەی ئەهلی چارەسەری وەرگرتووە، بەڵام 28ی ئەم مانگە بەیەكجاریی ماڵئاوایی لە ژیان كرد.

هێرش حەیدەر، سەرپەرشتیاری ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، تائێستا لە هەرێمی كوردستان و جیهانیش هیچ حاڵەتێكی خەستبوونەوەی خوێن و پاشان جەڵتەی مێشك بەهۆی ڤاكسینی كۆرۆناوە تۆمارنەكراوە.

گومانی ئەوەش دەكات لەكاتی وەرگرتنی ڤاكسینەكەدا، هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بووبێت، هەرئەمەش هۆكاری گیانلەدەستدانی بووبێت.

بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو گومانانە و زانینی هۆكاری گیانلەدەستدانی مامۆستا نێرگز بەشێوەیەكی زانستی، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی پێكهێناوە.

سامان شێخ لەتیف، بەرپرسی ڕاگەیاندنی تەندروستیی سلێمانی ڕوونیكردەوە، پاش دەركەوتنی ئەنجامی كاری لیژنەكە، ناوەرۆكەكەی بۆ ڕای گشتی دەخەڕوو.

بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی، تاوەكو ئێستا لە سنووری پارێزگاكە، نزیكەی 350 هەزار كەس ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتووە، لەو ژمارەیە تێكچوونی دۆخی تەندروستیی هیچ كەسێك بەهۆی ڤاكسینەكەوە تۆمارنەكراوە.

بابەتی پێشتر

هیلاس ڤیرۆنا 2-1 یوڤانتۆس

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) یونایتد بە سێ گۆڵ سێ خاڵی لە تۆتنهام داماڵی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share