وەزارەتی خوێندنی باڵا: ئەوانەی کۆنمرەیان 99 بەرەوسەرە لە پزیشکیی گشتی وەردەگیرێن

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاری لەبارەی چارەنووسی ئەو خوێندکارانەوە دا کە کۆنمرەی پۆلی 12یان 99 بەرەوسەرە، بەپێی بڕیارەکە ئەو خوێندکارانە لە کۆلێژی پزیشکیی گشتی وەردەگیرێن.

ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزارەتەکەی کرد، سەبارەت بە کیشەی ئەو خوێندکارانەی دەرچووی پۆلی 12 بوون و کۆنمرەیان بەرزە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، بڕیاردرا ئەو دەرچووانەى کۆنمرەیان 99 بەسەرەوەیە و لە کۆلێژى پزیشکیی گشتی وەرنەگیراون، دواى زیادکردنى ژمارەیەک کورسى بەخۆڕایى لە کۆلێژەکانى پزیشکیی گشتیی هەولێر، سلێمانى، کۆیە و گەرمیان، وەربگیرێن.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا، ئەو کورسییە بەتاڵانەی لە کۆلێژەکانی دیکەی پزیشکیی ددان و دەرمانسازی دەمێننەوە لەئەنجامی سەرخستنی ئەو خوێندکارانە بۆ پزیشکیی گشتی، دەدرێتە ئەو خوێندکارانەی دیکە کە داواکارییان بۆ ئەو دوو کۆلێژە پیشکەشکردووە، ئەویش بەپێی کۆنمرە و ڕیزبەندیی داواکارییەکان.

وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەکردووە، چارەسەرکردنى کێشەى ئەو دەرچووانە لە چوارچێوەى پرۆسەیەکى ورد و دادپەروەرانە، لەنێوان خوێندکاران بەپێى ڕیزبەندیى نمرەکان، لەلایەن ناوەندى وەرگرتن لە وەزارەت جێبەجێ دەکرێت.

ڕاشیگەیاندووە، دواى تەواوبوونی پرۆسەکە، ئەنجامەکان بۆ خوێندکاران بڵاودەکرێنەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share