وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، دەیان منداڵی چەكدارانی داعشی ڕادەستی باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لە بەغداد كردووەتەوە.
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا وتی، “ئەو منداڵانە ژمارەیان 38 منداڵە و پێشتر لەگەڵ دایكەكانیاندا بەتۆمەتی داعشبوونیان دەستگیركرابوون.
بەپێی وتەی سەحاف، ئەمڕۆ چوارشەممە ئەو منداڵانە بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دادی عێراق و باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لە بەغداد ڕادەستی ئازەربایجان كراونەتەوە.
عێراق دەیان منداڵی چەكدارانی داعشی دەستبەسەركردووە كە باوكانی زۆربەیان خەڵكی وڵاتانی كازاخستان و ئۆزباكستان و تاجیكستان و ئازەربایجانن و پێشتر بەشێك لەو منداڵانەی ڕەوانەی وڵاتەكانیان كردووەتەوە.