لەلایەن پۆلیسی ڕوسیاوە گەورە تۆمەتبارێك دەستگیركرا كە ماوەی 20 ساڵە لەلایەن دادگای وڵاتەكەوە داواكراوە.
یوری چیكین بە تۆمەتی ڕێكخستن و كوشتنی یوری بیدرین، داواكاری گشتیی كەرتی خانتی مانسیسك 20 ساڵە لەلایەن دادگاوە داواكراوە، پێشتر لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە خەڵاتی یەك ملیۆن ڕۆبڵ دیاریكرا بۆ هەر كەسێك كە زانیاری بدات و ببێتە هۆی دەستگیركردنی.
چیكین بۆ ماوەیەكی زۆر لە ناوچە جیاجیاكانی ڕوسیا خۆی حەشارداوە، دواتر لە خانتی مانسیسك جێگیربووە و بۆ چەند ساڵێك شوقەیەكی بەكرێگرتووە، لەو ماوەیەدا بەهیچ جۆرێك سەردانی دامەزراوە حكومییەكان و كۆگاكان نەكردووە و بەڵگەنامە كەسییەكانی بەكارنەهێناوە و نەچووەتە دەرەوە، تائێستا پاسپۆرتی سەردەمی یەكێتیی سۆڤیەتی هەیە و پاسپۆرتی ڕوسی بەدەستنەهێناوە.
بەدرێژایی ئەو چەندان ساڵە یەكێك لە كەسە نزیكەكانی خواردنی پێگەیاندووە، وەك ئەوەی میدیاكانی ئەو وڵاتە ئاماژەی پێدەدەن.
بەپێی لێكۆڵینەوەكان “چیكین لە نەوەدەكاندا سەرۆكایەتی ئیدارەی چاودێری و وردبینی لە وەزارەتی دارایی ناوچەی خانتی مانسیسك كردووە، لەهەمان كاتدا كۆمەڵەیەكی هاریكاری هەبووە و لەڕێیەوە لە ساڵی 1993 زیاتر لە 15.6 ملیۆن ڕۆبڵی سەر بە كۆمپانیای بەرهەمهێنانی نەوت و غازی دزیوە، بۆیە نوسینگەی داواكاری گشتی دۆسیەی یاسایی لەدژی كردووەتەوە، وەك تۆڵەیەك لە دادگای تاوان یوری بیدرین-ی داواكاری گشتی لە تەمموزی 2000 لە نزیك ماڵەكەی كوشتووە”.
چیكین لە هەردوو ساڵی 1996 و 1998 تاوانی كوشتنی دوو لە ناسیاوەكانی ڕێكخستووە كە ویستویانە بە پارە هەڵیبخەڵەتێنن، پێنج كەسیش كە فەرمانەكانی چیكین-یان جێبەجێكردووە ئیدانەكراون، بەپێی لێكۆڵینەوەكان.