ڕۆژنامەیەكی توركی: ئەردۆغان گفتوگۆی لەگەڵ كورد دەستپێكردووەتەوە

هەدەپە ڕەتیكردووەتەوە بەشداریی گفتوگۆكان بكات

ڕۆژنامەیەكی توركی باس لە دەستپێكردنەوەی گفتوگۆی نێوان دەسەڵاتەكەی ئەردۆغان لەگەڵ كورد دەكات، میتی توركیا بۆ بەڕێوەبردنی گفتوگۆكان  ڕاسپێردراوە.

ڕۆژنامەی زەمان-ی توركی بڵاویكردووەتەوە، “دەسەڵاتەكەی پارتی داد و گەشەپێدان، كە ساڵانێكە لەنێوان سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەكییەكان گیریخواردووە و پێش هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ساڵی 2023 ڕێژەی دەنگەكانی بۆ 30% كەمیكردووە، دووبارە چارەسەری لە هاوڵاتییانی كورد دۆزیوەتەوە”.

ڕۆژنامەكە زانیارییەكانی لە سەرچاوە ئەمنییەكانەوە وەرگرتووە، ئاشكرایانكردووە، ئەردۆغان دەزگای هەواڵگریی چالاككردووە بۆ قۆناغی دووەمی گفتوگۆ لەگەڵ كورد، دوای قۆناغی یەكەم، كە ساڵی 2009 دەستیپێكرد و ناونرا “پرۆسەی ئاشتی”، یان “كرانەوەی دیموكراسی”.

گفتوگۆكانی ئەمجارە لەلایەن هاكان فیدان سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی توركیا – میت ئەنجامدەدرێت، بە ڕێنمایی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان.

بەپێی سەرچاوەكانی ڕۆژنامەی زەمان، هەردوولا چەند كۆبوونەوەیەكیان لە برۆكسل-ی پایتەختی بەلجیكا ئەنجامداوە، بێ ئەوەی ڕۆژنامەكە ئاشكرایبكات ئەو لایەنە كوردییەی گفتوگۆی لەگەڵكراوە كێ و كوێیە.

چەند بەرپرسێك لە پارتی دیموكراتی گەلان – هەدەپە بانگهێشتی كۆبوونەوەكان كراون، بەڵام ڕەتیانكردووەتەوە بەشداریی گفتوگۆكان بكەن، چونكە دڵنیان لەوەی هەنگاوەكەی ئەردۆغان بەهۆی كەمبوونەوەی دەنگەكانی و پێویستبوونێتی بە دەنگی كورد بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆك.

هەر سەرچاوەكانی ڕۆژنامە توركییەكە دەڵێن، میت و پارتی داد و گەشەپێدان دەیانەوێت هەڵكشانی سیاسیی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووتری هەدەپە بشكێنن، كە نزیكەی چوار ساڵە زیندانیكراوە.

قسەكردن لەسەر گفتوگۆی نێوان دەسەڵاتەكەی ئەردۆغان و كورد لەكاتێكدایە لەئێستادا دەسەڵاتی دادوەریی توركیا سەرقاڵی دۆسیەی داخستنی پارتی دیموكراتی گەلان – هەدەپەیە.

بابەتی پێشتر

زانایانی ئەزهەر سەبارەت بە چاندنی ئەندامی جەستەی بەراز بۆ مرۆڤ فەتوایان دا

بابەتی دواتر

وردەكاریی گرێبەستەكەی كۆنتی لەگەڵ مانچستەر یونایتد بزانە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share