بافڵ تاڵەبانی: تاکە چارەسەر پێکھێنانی حکومەتێكە چاکسازی و خزمەت بكات

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، تاکە ڕێگا و چارەسەر بۆ گەیشتن بە حکومەتێک کە ببێتە مایەی ئارامی و ڕەزامەندیی ھەموولایەک، پێکھێنانی حکومەتی شەراکەت و تەوافقییە لەسەر بنەمای خزمەتکردن و بەرنامەی چاکسازی و گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە بەڕێوەبردن.

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ یەكشەممە لە دەباشان پێشوازیکرد لە پاولا کانلی، باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق.

لە دیدارێکدا بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە پێویستی پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان ھەرێم و ئوسترالیا کرد بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییە گشتییەکان بکات، بەتایبەت لە بواری ئابوری و وەبەرھێناندا ھانی سەرمایەداران و خاوەن کاران بدرێت لە ھەرێم سەرمایەکانیان بخەنەگەڕ و ھاوکاربن بۆ پتەوکردنی ژێرخانی ئابوریی ھەرێمی كوردستان.

ھاوسەرۆک پەیوەست بە پرسە سیاسییەکانیش ھەڵوەستەیکرد لەسەر قۆناغی دوای ھەڵبژاردن و ئەگەرەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق و بەشداریی کورد لەو حكومەتەدا، ڕوونیکردەوە دۆخی سیاسیی عێراق ناسەقامگیرە.

بافڵ تاڵەبانی پێشیوایە، ململانێی هەرێمایەتی و ناوچەیی کاریگەریی ڕاستەوخۆیان ھەیە لەسەر سەقامگیریی سیاسی و داھاتووی ئەو حکومەتەی پێکدەھێنرێت، بۆیە تاکە ڕێگا و چارەسەر بۆ گەیشتن بە حکومەتێک کە ببێتەمایەی ئارامی و ڕەزامەندیی ھەموولایەک، پێکھێنانی حکومەتی شەراکەت و تەوافقییە لەسەر بنەمای خزمەتکردن و بەرنامەی چاکسازی و گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە بەڕێوەبردن، چونکە ئەمە ڕێگا دروستەکەیە بۆ سەقامگیریی سیاسی، ئابوری، ئەمنی و کۆمەڵایەتیش.

هەروەها هاوسەرۆكی یەكێتی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “وەک یەکێتی لەھەوڵی دروستکردنی کۆدەنگیی نیشتمانیی کوردین لەسەر بنەمای نەتەوەیی، تا بتوانین وەک یەک ھێزی یەکگرتوو لە ناوەند داکۆکی لە مافەکانمان بکەین و بەشداریی ڕاستەقینە بین لە بڕیار و بەڕێوەبردنی عێراق و کۆتایی بە سیاسەتی خۆسەپێنی و دەمارگیری بهێنین و ناکۆکییەکانمان لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەربکەین، کە ئەم نیازەش تەنھا بە یەکگرتوویی ھێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکان دێتەدی”.

بۆ ئەرکەکانی ڕێکخراوەیی و ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حیزبی، ھاوسەرۆک ڕایگەیاند، “یەکێتی لەبەردەم گۆڕانکاریی ڕیشەیی حزبیدایە و بەپێی پەیڕەو ھەڤاڵێتیی کارەکانمان ڕێکدەخەینەوە و زیاتر گرنگی بە توانا و ھێزی گەنجان دەدەین و دەیانھێنینە پێشەوە، کادریش لەسەر بنەماکانی ڕۆشبیری و هزری پەروەردە دەکەینەوە و ژیانی سیاسیمان بەتەواوەتی گەنج دەکەینەوە”.

ھەر لە دیدارەکەدا چەندین پرسی تری جێی بایەخی ھەردوولا گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و بۆچوونیان لەبارەوە ئاڵوگۆڕکرا.

بابەتی پێشتر

وێنە.. شوێنەوارێکی سێ هەزار ساڵە لە گەرمیان دۆزرایەوە

بابەتی دواتر

ئەفسەرێکی خانەنشینکراوی پێشمەرگە لەلایەن خزمێکییەوە کوژرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share