دوای کۆبوونەوەی هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و پلاندانانی حکومەتی هەرێم، بڕیادراوە ئەو کۆمپانیایانە هەڵبژێردرێن، کە نۆ بەنداو لە هەرێمی کوردستان دروست دەکەن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 16 ملیار دیناری بۆ تەواوکردنی ئەو بەنداوانە تەرخانکردووە لە قۆناغی یەکەمدا.
دوای ئاگاداری وەزارەتی کشتوکاڵ و پلاندانان بۆ کۆمپانیاکان تا پرۆپۆزەڵی خۆیان بنێرن وەک داواکاری بۆ دروستکردنی بەنداوەکان، کۆمپانیاکان هەڵدەبژێردرێن.
وەزارەتی کشتوکاڵ لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە، دروستکردن و تەواوکردنی ئەم بەنداوانە هاوتەریبە لەگەڵ پرۆسەی هەڵسەنگاندنی داخوازیی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان و بونیادنانی بەنداوەکان و پڕۆژەکانی ئاودێری، بەتایبەتی بۆ 9 بەنداوە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی سیستمی (ppp) کە بۆ یەکەمجار لەڕێگەی وەزارەتی کشتوکاڵەوە سەرپەرشتیدەکرێت.
پێشتر بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵی هەرێم ڕایدەگەیاندبوو، بۆ تەواوكردن و دروستكردنی بەنداو داوای زیاتر لە 126 ملیار دیناریان كردووە و وتیشی، وەك قۆناغی یەكەم بڕی 16 ملیار دینار دابینكراوە.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئاماژەی بەوەشکرد، لە نووسراوێكیاندا بۆ ئەنجومەنی وەزیران داوای تەرخانكردنی بودجەیەكیان كردووە بە بڕی 126 ملیار و 751 ملیۆن و 449 هەزار و 563 دینار.